بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هەرچی زانیاری زیاترتان لە سەر سەرئێشە و کاریگەرییەکانی هەبێت، ئەگەری ئەوەتان زیاتر بۆ دابین دەکرێت کە بە درووستی چارەسەری بکەن.
بەربڵاوترین جۆری نەخۆشیی سەرئێشە ئەوەیە کە لە ئاکامی ترسدا درووست دەبێت و کەسەکان بۆ کەمکردنەوەی ئەو ئێش و ئازارەش پەنا بۆ خواردنی دەرمانە کیمیاییەکان دەبەن. چەندین شێوازی سرووشتی هەیە کە دەتوانن یارمەتیدەری ئێوە بن تا لەم کێشەیە ڕزگارتان ببێت یان لانیکەم ئاستەکەی دابەزێنن.
خواردنی ئاو
کەمبوونی ئاو لە جەستەدا دەتوانێت هۆکاری سەرئێشە بێت. توێژینەوەکان پیشانیان داوە کە کەم ئاوی هۆکارێکی سەرئێشەی ناسراو بە میگرێنە و هەروەها سەلمێندراوە کە خواردنی ئاو سەرئێشەی ئەو کەسانەی کە جەستەیان کەم ئاوە، لە ماوەی 30 خولەک تا 3 کاتژمێردا چارەسەر دەکات یان ئەو سەرئێشەیە کەم دەکاتەوە.
دابینکردنی مەنیەزیۆمی پێویستی جەستە
مەنیەزیۆم وەک مادەیەکی کانزایی بۆ چالاکییەکانی بێ هەژماری جەستە بە تایبەت کۆنتڕۆڵی شەکری خوێن گرنگ و پێویستە و هەروەها سەلمێندراوە کە دەرمانێکی پارێزەر و کاریگەرە بۆ سەرئێشە، لە بەر ئەوەی کە بەڵگەکان پیشانیان داوە کە کەمبوونی مەنیەزیۆم لەو کەسانەی کە نەخۆشی سەرئێشەی توندیان هەیە بەراورد بەو کەسانەی کە ئەم نەخۆشییەیان نییە، زیاترە. بەکارهێنانی ڕۆژانەی 600 میلی لیتر سیتراتی مەنیەزیۆم دەتوانێت تا ڕادەیەک چارەسەری سەرئێشە بکات.
خەوی پێویست
کەمخەوی لە چەند ڕوویەکەوە بۆ تەندرووستی جەستە زیانی هەیە و ڕەنگە ببێتە هۆکارێکی سەرئێشەش. توێژینەوەیەک پیشانیداوە کە ئەوانەی کەمتر لە 6 کاتژمێر دەخەون زیاتر تووشی سەرئێشە دەبن، هەروەها ئەوانەش کە زۆر دەخەون بە هەمان شێوە ڕەنگە تووشی سەرئێشە ببن، هەر بۆیە ئامۆژگاری کراوە کە بە پێی پێویست خەوتن هەبێت.
زەیتە بۆنخۆشەکان
زەیتە بۆنخۆشەکان تایبەتمەندییەکی زۆریان لە ڕووی تەندرووستییەوە هەیە، بۆ نموونە لە کاتی سەرئێشەدا ئەو کاریگەرییەی سەلمێندراوە.
چا یان قاوە
خواردنی چا و قاوە کە کافائینیان هەبێت ڕەنگە لە کاتی سەرئێشەدا هەستێکی باشتر بە کەسەکە ببەخشێت و کاریگەری ئەرێنیی لە سەر نیشانەکانی سەرئێشە هەبێت.
ڤیتامین B
ڤیتامینەکانی گرووپی B ڕۆڵی گرنگیان لە جەستەدا دەبێت، توێژینەوە پزیشکییەکان ئەوەیان پیشان داوە کە گرووپی ڤیتامینەکانی B لە گەڵ ڕیبۆفلاوین، فولات، B12 و B6 دەتوانێت نیشانەکانی سەرئێشە کەم بکاتەوە./.