بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەفین دزەیی لە ڕێوڕەسمی تایبەت بە چل و سێهەمین ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕسی ئیسلامی ئێران کە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، وتی: پەیوەندییەکانی نێوان کورد و هەرێمی کوردستان لە گەڵ گەلانی ئێران و کۆماری ئیسلامی ئێران، پەیوەندییەکی دێرین و مێژووییە و ئەو پەیوەندییەش زیاتر بۆ ڕۆژانی سەخت و تەنگانە دەگەڕێتەوە کە کۆماری ئیسلامی و ئێرانییەکان هەموو کات هاوکار و یارمەتیدەری عێراقییەکان و بە تایبەت خەڵکی کوردستان بوون.
ناوبراو وتی: لە کاتی ئەو نەهامەتی و کارەساتانەی کە بە سەر خەڵکی کوردستاندا هاتوون، وەک کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە، کۆمەڵکوژییەکەی ئەنفال و کۆڕەوە میلیۆنییەکە، هاوکارییەکانی ئێران و خەڵکی ئەو وڵاتە بۆ خەڵکی زوڵملێکراوی کوردستان هیچ کات لەبیر ناکرێت.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی: ئێمە و ئێرانییەکان خاڵی هاوبەشی زۆریشمان هەیە، خەڵکی کورد لە گەڵ گەلانی ئێران کەلتور و دیرۆکێکی هاوبەشیان هەیە و ئەو مافەش بە خۆمان دەدەن هەموو کات چاوەڕوانی زیاتریشین لە ئێران و کۆماری ئیسلامی بین.
سەفین دزەیی ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران لە بوارەکانی سیاسی، ئابوری، ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لە ئاستێکی زۆر باشدایە و دەرفەتی پەرەپێدان و بەرەوپێشچوونی زیاتری پەیوەندییەکانیش هەیە.
ناوبراو وتی: لە هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆر بە زمان و کەلتوری فارسی دەدرێت.
وتیشی کە سەقامگیری ناوچەکە بەندە بە تەبایی و لێک تێگەیشتن و ئێرانیش ڕۆڵێکی کاریگەری لە سەر سیاسەتی ناوچەکە هەیە و بە پێویست دادەنرێت کە کێشەکانی ناوچەکە بە گشتی لە ڕێگای وتووێژەوە چارەسەر بکرێت.
دزەیی لە کۆتایی وتەکانیدا بە بۆنەی ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕسی ئیسلامی، پیرۆزبایی خۆیی بە گەلانی ئێران، حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆنسووڵخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی ڕاگەیاند./.