بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هەڤین کەمال شامحەممەد پسپۆڕی بێهۆشکاری و ئازارشکاندن هەندێک ڕێنمایی بڵاوکردووەتەوە کە گرنگە بۆ نەهێشتنی کەمخەوی و باشکردنی ناڕێکی خەو پەیرەو بکرێن.
پەیرەوکردنی هەندێک خو و خۆدوورخستنەوە لە هەندێکی دیکە:
زۆرێک هەیە لەو کردارانەی کە کاریگەرییان لە سەر نووستن هەیە، هەندێکی دیکە وا لە جەستە دەکات کە تێبگەین ئیتر کاتی خەوە و خۆمان بۆ نووستن ئامادە بکەین. هەندێک لەو کردارانەی دەبێت خۆمانی لێ بە دوور بگرین، بریتین لە:
دوورکەوتنەوە لەو خواردنانەی کە مادەی کافائینی تێدایە، وەک چا، قاوە، بیبسی و خواردنە گازییەکان بۆ ماوەی 6 کاتژمێر پێش نووستن.
دوورکەوتنەوە لە وەرزش 4 تا 6 کاتژمێر پێش کاتی نووستن، لە بەر ئەوەی کە یارمەتیدەری ووشیارکردنەوەی جەستە دەدات کە کاتی پێویست و هەلومەرجی جەستە بۆ خەوتن ئامادە بکات.
دوورکەوتنەوە لە خواردنی زۆر یان خواردنی خواردەمەنی تون و پڕ بەهارات لە نزیک کاتی خەوتن، ئەمانە هەمووی کاتی دەوێت بۆ هەرسکردن.
دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی مادە کحولییەکان و یان ئەوانەی نیکۆتینیان تێدایە وەک جگەرە کە تووشی کەم خەویمان دەکەن.
بە هەمان شێوە هەندێک کردار هەیە کە ئەنجامدانیان دەبێتە هۆی ڕێکخستنی خەو، وەک:
ئەنجامدانی وەرزش لە کاتی بەیانیدا، ئەمەش دەبێتە هۆی زوو خەوتنی شەوانە.
خۆشتن بە ئاوی گەرم لە ئێواراندا دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی ماسولکەکان و زوو خەوتن لە شەواندا.
خۆکێشانەوە و ڕاکێشانی ماسولکەکانی جەستە بۆ ماوەی 3 تا 5 خولەک پێش خەوتن یارمەتی خاوبوونەوەی ماسولکەکان و جومگەکان دەدات.
خواردنەوەی شلەمەنی گەرم کە مادەی کافائینی تێدا نەبێت کاتژمێرێک پێش خەوتن یارمەتی زوو خەوتن دەدات وەک شیری گەرم، چای ڕوەکی.
لە هەمان کاتدا ڕێکخستنی خەو بە جۆرێک هەموو ڕۆژێک لە هەمان کاتدا بچیتە ناو جێگا و لە هەمان کاتدا لە خەو هەستیت، ئەمەش یارمەتی ڕێکخستنی خەو دەدات و شەونخونی کەمدەکاتەوە.
بەکارهێنانی تەکنیکی دەروونی بۆ کەمکردنەوەی ئازار لە کاتی پێش خەودا:
هیپنۆسیس: ئەویش بە بەکارهێنانی هەندێک ڕێگا بۆ ئارامکردنەوە و لەبیرکردنی ئازار، وەک کوژاندنەوەی گڵۆپ، داخستنی دەرگا و پەنجەرە و درووستکردنی کەشێکی بێدەنگ.
بینینی هەندێک دیمەنی ئارامکەرەوە پێش خەوتن، بۆ نموونە، سەیرکردنی ئاسمان و ئەستێرەکان، سەیرکردنی هەور لە ئاسمان، ئەم جۆرە دیمەنانە توێژینەوەیان لە سەرە کە بینینیان دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەو سترێس و بێزارییەی لە ڕۆژدا بە هۆی کار و ژیانەوە تووشی دەبین و ئارام بەخشن.
میدیتەیشن و یۆگا: ئەمانە هەمووی ڕێگان بۆ خاوکردنەوەی ماسولکەکان و ئارامکردنەوەی بیر و هۆش و نەهێشتنی سترێس و بێزاری.
دانانی دەرفتەری بیرەوەری، بۆ نووسینەوەی سترێس و بێزارییەکانت چەند کاتژمێر پێش نووستن، بۆ ماوەی 10 تا 15 خولەک و بە جێهێشتنی ئەو ژوورەی کە تێیدا دەنووسی بۆ سەر جێگای خەوتنت. هەر جارێکیش بە بیرت هاتەوە خۆت دڵنیا بکەیت کە بەیانی کاتی تەواوت هەیە بۆ بیرکردنەوە لێی.
درووستکردنی کەشێک بۆ خەوتنێکی ئارام.
بەکارهێنانی پێخەف و دۆشەک و سەرینی گونجاو. دانانی سەرین لە نێو ئەژنۆکاندا لە کاتێکدا لە سەر لا دەخەویت زۆر یارمەتی خاوبوونەوەی ماسولکەکان دەدات.
بەکارهێنانی دۆشەکی تەندرووست کە نە زۆر ڕەق بێت و نە زۆر نەرم.
کۆنتڕۆڵکردنی ڕووناکی و دەنگ بۆ ئارامبوونەوە و نەهێشتنی کەم خەوی، هەندێک جار مۆسیقایەکی ئارام لەوانەیە یارمەتی زوو خەوتن بدات.
دوورخستنەوەی مۆبایل و ئامێرە زیرەکەکان و کوژانەوەیان و لابردنیان لەو ژوورەی کە تێیدا دەخەویت.
بەکارهێنانی دەرمان:
هەندێک جار پزیشک ناچار دەبێت دەرمان بەکار بهێنێت بۆ یارمەتیدانی نەخۆشەکە بۆ خەوتن و نەخۆشەکەش بە بێ ڕێنمایی پزیشک نابێت هیچ جۆرێک دەرمان بەکار بێنێت، وەک:
ئازارشکێنەکان، وەک ئەسپرین، ڤوڵتارین و پڕۆفین.
ماسولکە خاوکەرەوەکان.
هێورکەرەوەکان یان دژە پەرکەمەکان هەندێک جار بەکار دەهێندرێن.
نارکۆتیکەکان کە ئەمانە تەنیا پاش نەشتەرگەری بەکار دەهێندرێن و مرۆڤ تووشی ئالودەبوون دەکەن، لە بەر ئەوە دەبێت هەتا دەتوانرێت لێیان دوور بکەوینەوە.
هەندێک دەرمان هەیە خەولێکەرن، وەک ئەو دەرمانانەی بۆ هەستیاری بەکار دەهێندرێن، ئەنتی هیستامینەکان.
میلاتۆنین کە بە شێوەی کەپسولی تەواوکەر هەیە کە ئەمەش ئەو هۆرمۆنەی تێدایە یارمەتی زوو خەولێکەوتن دەدات.
هەمیشە ئازاری پشت ڕێگری لە زوو خەوتن دەکات و دەبێتە هۆی شەونخوونی و کەمخەوی، بۆیە باشترە هەمیشە ئەو ڕێنماییانە پەیرەو بکرێت کە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی ئازارەکەی./.