بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر داهات حەوێزی پزیشکی پسپۆڕی هەناوی و شەکرە باسی چەند جۆرێکی شەکرەی کردووە کە دەگەڕێنەوە بۆ باری ئاسایی و پێویستیان بە چارەسەرکردنی نابێت.
1 – شەکری جۆری 2، ئەگەر پارێزییەکی باش بکات و وەرزش بکات و لە سەرەتاوە چارەسەری باش بەکار بێنێت. پێش ئەوەی تووشی ماکەکانی شەکرە بێت، لەوانەیە پاش ماوەیەک بتوانێت واز لە دەرمانی شەکرە بێنێت و تەنیا لە سەر پارێزی بەردەوام بێت.
2 – شەکرەی سکپڕی. ژنانی سکپڕ ئەگەر لە کاتی سکپڕییان شەکرەیان کۆنتڕۆڵ بکەن لەوانەیە لە پاش سکپڕی بتوانن واز لە چارەسەری شەکرە بێنن.
3 – ئەو کەسانەی پاش نەخۆشی تووشی شەکرە بوون، وەک ئەو کەسانەی پاش کۆرۆنا تووشی شەکرە بوون، پاش ماوەیەک ئەگەری زۆرە بتوانن واز لە دەرمانەکانی شەکرە بێنن.
4 – ئەو نەخۆشانەی بە هۆی هەندێک حەب و دەرزییەوە تووشی شەکرە دەبن، وەک دەرمانەکانی ڕەبۆ و ڕۆماتیزمە و هەوکردن، پاش وەستاندنی دەرمانەکان لەوانەکە شەکرەکەیان ئاسایی ببێتەوە و بتوانن چارەسەری شەکرە بوەستێنن.
5 – ئەو کەسانەی زۆر قەڵەون و نەشتەرگەری خۆلاوازکردن دەکەن، پاش نەشتەرگەری لەوانەیە بتوانن واز لە چارەسەرەکانی شەکرە و زەخت بێنن.
6 – شەکرەی جۆری یەک بە ئەنجامدانی نەشتەگەری چاناندی خانەکانی لانگەرهانس و چاندنی پەنکریاس و نەشتەگەری چاندنی خانە بنەڕەتییەکان ئاستی هۆرمۆنی ئەنسۆلین لە جەستەیاندا ئاسایی بکەنەوە و واز لە دەرزییەکەی بێنن.
لە هەوو ئەو حاڵەتانەی کە باس کرا شەکرە ئاسایی دەبێتەوە و نەخۆشەکە دەتوانێت واز لە چارەسەرەکانی شەکرە بێنێت بەڵام پێویستە بەردەوام بێت لە پارێزیکردن و وەرزشکردن و پشکنینی شەکرە، سێ تا شەش مانگ جارێک، لە بەر ئەوەی لە لەوانەیە شەکرە لە هەر کاتێکدا بگەڕێتەوە./.