بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی بە گێڕانەوە لە پێگەی OIL PRICE، کۆمیسیۆنی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە کە بەنیازە وبەرهێنانی نەوتی ئەم وڵاتە بۆ 5 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە بەرز بکاتەوە. لە سەرەتای ئەم مانگەدا وەزیری نەوتی عێراقیش ڕایگەیاند کە ئەم وڵاتە لە گەیاندنی وەبەرهێنانی نەوتی خۆی بە 6 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە نزیک بووەتەوە. دەکرێت ئەمە وەک یەکەم هەنگاوی عێراق بۆ گەیشتن بە 13 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە و بوون بە گەورەترین وەبەرهێنەری نەوتی جیهان ناو ببەین.
بە پێی زانیاری و ئامارە فەرمییەکان، عێراق 145 ملیار بەرمیل یەدەکی سەلمێندراوی نەوتی هەیە کە لە سەدا 18 ی کۆی گشتی یەدەکی نەوتی وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە خۆ دەگرێت و بەمەش لە پلەی پێنجەمی جیهاندایە و ئامارە نافەرمییەکان باس لە ڕێژەیەکی زیاتر لەمە دەکەن.
لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2010، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕێژەی فەرمی یەدەکی سەلمێندراوی نەوتی خۆیی بۆ 143 ملیار بەرمیل بەرز کردەوە بەڵام لە هەمان کاتدا ڕایگەیاند کە ڕێژەی یەدەکی نەوتی نەدۆزراوی ئەم وڵاتەش نزیکەی 215 ملیار بەرمیل خەمڵێندراوە. ئەم ڕێژەیەش کۆمپانیای بەناوبانگی Petrolog لە توێژینەوەیەکی ساڵی 1997 ئاماژەی پێداوە. ئامارەکانی عێراق هەرێمی کوردستانیش ناگرێتەوە.
بە واتایەکی دیکە، ئەم ئامار و داتایە بۆ پرۆسەی هەڵکەندنی بیرەکانی پێش دەیەی 1970 دەگەڕێتەوە.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەش جەختیکردووەتەوە کە یەدەکی نەوتی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە نزیکەی 246 ملیار بەرمیل دەبێت.
خاڵی گرنگ ئەوەیە کە نرخی دەرهێنانی نەوتی عێراق بۆ هەر بەرمیلێک تەنیا 1 تا 2 دۆلارە و ئەمەش هەرزانترین نەوت لە جیهاندایە و بە واتای ئەوەیە کە بەرزکردنەوەی ڕێژەی وەبەرهێنان بە 5 تا 6 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە، هەنگاوی یەکەمە بۆ گەیاندنی ڕێژەی وەبەرهێنان بە 13 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە و عێراق لەم ڕێگایەدا هێندە ڕوبەڕوی کێشە نابێتەوە.
ساڵی ڕابردوو، عەلا یاسری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ ڕایگەیاند کە زیاترکردنی ڕێژەی وەبەرهێنان لە کێڵگە گەورەکان دەکرێت کە پرۆژەی پەرەپێدانیان کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. عێراق لە چەندین کێڵگەدا گرێبەستی لە گەڵ کۆمپانیا بەناوبانگەکانی جیهان بۆ پەرەپێدان و زیاترکردنی ڕێژەی وەبەرهێنانی نەوت هەیە.
پرسیار ئەوەیە کە بەم یەدەکە زۆرە و بە هەبوونی پلانی زیاترکردنی ڕێژەی وەبەرهێنانی نەوت، بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق تا ئێستا هێندە ڕێژەی وەبەرهێنانی بەرز نەکردووەتەوە؟ پێدەچێت کە کێشەکە هەمان گەندەڵییە کە پیشەسازی نەوت و گازی ئەم وڵاتەی ڕوبەڕوی کێشەی جیدی کردووەتەوە.
ئەم دۆخە وای لە عێراق کردووە کە لە داهاتێکی زۆری نەوت کە دەتوانێت ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە نۆژەن بکاتەوە، بێبەش بێت و لە لایەکی دیکەوە کۆمپانیاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا هێندە خواستی ئەوەیان نەبێت لە ڕووی تەکنۆلۆژیا و پێداویستی لۆجستییەوە لە پەرەپێدانی پیشەسازی نەوتی عێراقدا وەبەرهێنان بکەن.
ئەوەی کە عێراق بە هۆی گەندەڵییەوە لە دەستی داوە، زیاترە لەو بودجەیە کە بۆ زیاترکردنی ڕێژەی وەبەرهێنانی ڕۆژانەی نەوت بە 7 تا 8 ملیۆن بەرمیل پێویستی دەبێت.
لە ساڵی 2015 عادل عەبدولمەهدی وەزیری نەوتی عێراق کە دواتریش بووە سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە، ڕایگەیاند کە عێراق لە ساڵانی 2011 تا 2014 زیاتر لە 14 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بە هۆی پێدانی پارەی قەرەبوو بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان زیانی کردووە.
لە ئەنجامی ئەم دۆخەش، چەندین کۆمپانیای نێودەوڵەتی وازیان لە چالاکی لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق هێناوە.
ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی لە ڕیزبەندی وڵاتانی جیهاندا ناوی عێراقی خستووەتە ڕیزی 10 وڵاتی کۆتاییەوە و بەردەوام ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەر گەندەڵی، بەرتیل، قاچاخی نەوت و سپیکردنەوەی پارە لەم وڵاتەدا هۆشدارییان داوە./.