بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید محەممەد حوسێنی سەبارەت بە دوایین دۆخی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق وتی: ئەگەرچی هەناردەی ئێران لە 4 مانگەی سەرەتایی ئەمساڵی کۆچی هەتاوی بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 7.97 دابەزیوە بەڵام هەناردەی ئێمە بۆ عێراق زیاتر بووە.
ناوبراو بە ئاماژە بە بەرزبوونەوەی 539 ملیۆن دۆلاریی هەناردەی ئێران بۆ عێراق وتی: بە پێی ئەوەی کە بودجەی عێراق پەسەند کراوە و پرۆژەکان دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە، ڕێژەی هەناردەش بۆ ئەو وڵاتە بەرز دەبێتەوە.
حوسێنی وتی: پێشبینی دەکرێت کە هەناردەی ئێران بۆ عێراق ئەمساڵ بگاتە 12 ملیار دۆلار.
بە پێی دوایین ئاماری ڕێکخراوی گومرکی ئێران، ڕێژەی بازرگانیی نانەوتی لە 4 مانگەی سەرەتایی ساڵی 1402 ی کۆچی هەتاوی 35 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە./.