بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان پێشوازی لە ساڵح عاروری جێگری بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس و زیاد نەخالە ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین کرد.
لەو کۆبوونەوەدا دوایین گۆڕانکارییە سیاسی و مەیندانییەکان بە تایبەت لە فەڵەستین تاوتوێ کرا، دۆخی کەرتی خۆرئاوا، پەرەسەندن و بەهێزبوونی خۆڕاگری لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی و هەروەها هەڕەشەکانی ئەو ڕژێمە لە سەرکردەکانی خۆڕاگری وتووێژی لە سەر کرا. سێ سەرکردە باڵاکەی خۆڕاگریی فەڵەستین و لوبنان جەختیان لە سەر هەڵوێستی نەگۆڕ و بەردەوامی سەرجەم لایەنەکانی بەرەی خۆڕاگری بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دوژمنی زایۆنیستی و گرنگی و پێویستی هاوئاهەنگی و پەیوەندی ڕۆژانە لە نێوان لایەنەکانی خۆڕاگری بە تایبەت لە فەڵەستین و لوبنان کردەوە.
سەید حەسەن نەسروڵڵا، عاروری و نەخالە هەروەها جەختیان لە سەر بەدواداچوونی پێویست بۆ گۆڕانکارییە سیاسی، ئەمنی و سەربازییەکان لە لایەن سەرجەم گرووپ و لایەنەکانی خۆڕاگری لە فەڵەستین و لوبنان کردەوە و ڕایانگەیاند کە دەبێت بڕیاری پێویست لە سەر گۆڕانکارییەکان بدرێت. کۆبوونەوەکە لە کاتێکدا بووە کە لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردوو هەڕەشەی بەرامبەر لە نێوان بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستی و سەرکردەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین و لوبنان ئاڵوگۆڕ کراوە. ڕژێمی زایۆنیستی هەڕەشەی کوشتنی سەرکردەکانی فەڵەستینی لە خاکی لوبنان کردووە بە تایبەت ساڵح عاروری جێگری بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس.
ستراتیژی یەکگرتوویی
کۆبوونەوە و وتووێژەکانی جێگری بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس و ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین لە گەڵ ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان لە بەیروت، بە پێی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بە تایبەت ئاستی ڕوبەڕوبونەوەکان لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی، پیشان دەدات کە ستراتیژی یەکگرتوویی لایەنەکانی خۆڕاگری یان بە واتایەکی دیکە، ستراتیژی یەکگرتوویی نێوان بەرەکانی خۆڕاگری، تەنیا درووشمێک نییە و زایۆنیستەکان زیاتر لە هەر لایەنێک لە هێز و کاریگەریی ئەم ستراتیژە ئاگادارن، هەربۆیە کۆبوونەوەکە دەتوانێت وەک قۆناغێکی نوێی هاوئاهەنگی بەرەکانی خۆڕاگری لە دژی زایۆنیستەکان خوێندنەوەی بۆ بکرێت.
بە پێی گرنگی گۆڕانکاری لە هاوسەنگی هێز، دەبێت ئامرازەکانی هێز و سەرکەوتنی تەواو بۆ گەیشتن بەو هاوسەنگییە دابین بکرێت. بەم بۆنەوەی بەرەی خۆڕاگری گەڕێکی نوێی هەوڵەکانی لە پێناو یەکسانکردنی سیاسەتە ستراتیژی ئەمنی و سیاسییەکان لە سەرجەم بەرەکانی شەڕ و ڕوبەڕوبونەوە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو لە لوبنانەوە تا کەرتی غەززە و کەرتی خۆرئاوا لە دژی دوژمن جێبەجێ کردووە کە هێماکانی ئەو ستراتیژەش لە وتووێژەکانی عاروری، نەخالە و نەسروڵڵا دەرکەوتووە.
ئەم هەوڵانە دەبێتە هۆی پتەوبوونی هێز و هاوپەیمانی خۆڕاگری لە ناوچەکە و بەشێکی بەرچاویشی پەیوەندی بەو ئەزموونە ڕاستەوخۆیانەوە هەیە کە گرووپەکانی خۆڕاگری لە گۆڕەپانە جیاجیاکان لە ڕوبەڕوبونەوەی ئەمنی و سەربازیی زایۆنیستەکان بە دەستیان هێناوە. پێویستە بوترێت کە لە ماوەی ئەم ساڵانەدا ستراتیژی یەکگرتوویی بە کردەوە بووەتە بیرۆکەی یەکگرتوویی گۆڕەپانەکان و بەرەکانی شەڕی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی کە بە هیچ شێوازێک لە ئاستی درووشمدا نەماوەتەوە و بە کردەوە لە ئاستە جیاجیاکاندا بینراوە و لەم نێوەندەدا بە بڕوای چاودێران دوژمنی زایۆنیستی زیاتر لە هەر لایەنێکی دیکە ئاشنایەتی لە گەڵ ئەم هاوکێشەیە هەیە، لە بەر ئەوەی کە لە دوو ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا زایۆنیستەکان هەوڵ دەدەن ئەو ئەڵقەی کە لایەنەکان و گرووپەکانی خۆڕاگریی لە دەوری یەک کۆکردووەتەوە، تێک بدەن بەڵام دەزانن کە تێکدانی ئەمەش زۆر ئەستەمە و پێویستی بە پلان و نەخشەیەکی گەورە هەیە کە تا ئێستا ئەو هەوڵانەش شکستیان هێناوە.
لە شەڕی ” یەکگرتوویی مەیدانەکان ” کە هاوینی ساڵی ڕابردوو بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین جێبەجێی کرد، دوژمنی زایۆنیستی چاودێری ئەوەی دەکرد کە بزوتنەوەی حەماس بە پێچەوانەی شەڕی شمشێری قودس پەیوەندی بەم شەڕەوە نەکات، لە بەر ئەوەی کە لەو حاڵەتەدا دەرفەتی هاوبەشی حزبوڵڵاش لە باشوری لوبنان و لایەنەکانی دیکەی خۆڕاگری بە تایبەت سوریا لە دژی زایۆنیستەکان بەرفراوانتر دەبوو و ئەو ڕژێمە زەبری زیاتری بەردەکەوت.
عاروری وەک کەسایەتییەکی کاریگەر
بەدەر لە بابەتە گرنگەکان و یەکگرتوویی نێوان لایەنەکانی خۆڕاگریی فەڵەستینی و لوبنانی، خاڵێکی دیکەی هاوپەیوەند بە کۆبوونەوەکەی سەید حەسەن نەسروڵڵا، ساڵح عاروری و زیاد نەخالە، ڕۆڵ و کاریگەری جێگری بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماسە، وەک چۆن کە وتەبێژی پێشووی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی دانی بەوەدا ناوە کە ساڵح عاروری جێگری بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس لە غەززە دەستی باڵای هەیە و تەل ئەبیب بۆ تێکدانی پرۆژەکانی ئەو شکستی هێناوە.
ئەو بەرپرسەی پێشووی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە تەل ئەبیب لەوەدا شکستی هێناوە کۆتایی بە سێگۆشەی ستراتیژیی لوبنان، غەززە و کەرتی خۆرئاوا بێنێت کە ساڵح عاروری سەرکردایەتی دەکات.
ڕۆنن منلیس بە کەناڵی عبری زمانی کان ی ڕاگەیاندووە کە سەرکردەکانی حەماس لە لوبنان کۆدەبنەوە بەڵام ئیسرائیل بە هۆی مەترسییەکانی هەڵگیرسانی شەڕی دژ بە حزبوڵڵا، ئەوان ناکاتە ئامانج و حزبوڵڵا کەڵکی لەم خاڵە لاوازەی ئیسرائیل وەرگرتووە بەڵام لە لوبنانەوە سەرکردایەتی ڕووداوەکانی کەرتی خۆرئاوا دەکرێت.
پاش لێدوانەکانی بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی و هەڕەشەی تیرۆرکردنی ساڵح عاروری جێگری بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس، وێنەیەکی ناوبراو بە جلوبەرگی سەربازی و چەکەوە بڵاو کرایەوە و پەیامەکەشی ئەوەیە کە تیرۆری عاروری بە واتای شەڕێکی بەربڵاو لە چەندین بەرەیە.
عاروری بە کەناڵی المیادین ی ڕاگەیاندووە کە تیرۆری من هیچ کاریگەری و گۆڕانکارییەک لە کارەکانی بەرەی خۆڕاگری ناکات و خۆڕاگری لە کەرتی خۆرئاوا بەهێزتر دەبێت و کاریگەرییەکانی زیاتر لە داهاتوودا ڕوون دەبنەوە./.