بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شارەزایان بۆچوونی خۆیان لە سەر ئەم شەڕەی ئێستای سوریا دەربڕیوە. حەسەن شەقیر توێژەر و نووسەری سیاسی سوریا بە کەناڵی العالم ی ڕاگەیاندووە کە شەڕ و پێکدادانی دوو گرووپی چەکدار لە نزیک دێرەزور (ئەنجومەنی سەربازیی دێرەزور و هێزەکانی سوریای دیمۆکرات) لە سوریا، هەمان ئەو هێزانەن کە لە لایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن. واشنتن بۆ پڕچەککردنی هەر دوو گرووپەکە هەوڵێکی زۆری داوە و بەم دواییانەش پڕچەککردنی هۆزە عەرەبەکان و ئەنجومەنی سەربازیی دێرەزوری زیاتر کردووە.
ناوبراو وتی: بە پێی وتەی سەرچاوە خۆجێیەکان، لەو ناوچەیە هاوکێشەی کوردی سەرقاڵی زاڵبوونە بە سەر هاوکێشەی عەرەبیدا و ئەمەش دۆخەکەی ئاڵۆز کردووە، بە تایبەت ئەوەی کە ناوچەکە لە ڕووی سەرچاوەکانی نەوت و گازەوە دەوڵەمەندە.
حەسەن شەقیر وتی: هۆزە عەرەبەکان هەست بەوە دەکەن کە جۆرێک نادادپەروەری لە نێوان هێزەکانی سوریای دیمۆکرات بەرامبەر بەوان دەکرێت و ئەمەش بەستێنی شەڕ و پێکدادانەکانی دابین کردووە. ڕوبەڕوبونەوەکەش لە پاش پڕچەککردنی هۆزە عەرەبەکان لە لایەن ئەمریکاوە و مەشق و ڕاهێنانی ئەنجومەنی سەربازیی دێرەزور دەستیپێکرد. خاڵی بەرچاو ئەوەیە کە واشنتن بۆ دابینکردنی جۆرێک لە هاوسەنگی سەربازی و یاریکردن بە جیاوازییەکان لەو ناوچەیە ناکۆکی زۆری هێناوەتە پێشەوە.
ناوبراو وتی: ئەمریکا بەم جموجوڵانەوە هەوڵ دەدات نەخشەی کۆنتڕۆڵی جوگرافی ناوچەکە سەر لە نوێ دابڕێژێتەوە و بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش هەوڵی زیندووکردنەوەی داعش و پەرەپێدانی چالاکییەکانی دەدات.
شەقیر وتی: ئەمریکا لە لایەکەوە هەوڵی شەڕ و پێکدادانی نێوان هۆزەکان دەدات و لە لایەکی دیکەوە ئاگری شەڕی نێوان کورد و عەرەب بەهێزتر دەکات تا بگاتە ئامانجەکانی خۆی بۆ دابینکردنی ئەو ناوچانەی بەرژەوەندییەکانی تێدا مسۆگەر بکات.
هەروەها مەلاز مێقداد توێژەری سوریا لە وتووێژی کەناڵی العالم ڕایگەیاند کە هەر دوو لایەنی شەڕەکەی دێرەزور سەر بە ئەمریکان.
ئەو شرۆڤەکارە بە ئاماژە بە بەیاننامەی ژمارەیەک لە هۆزەکانی ناوچەکە سەبارەت بە پێویستی ڕوبەڕوبونەوەی هێزەکانی سوریای دیمۆکرات و لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، وتی: ئەمە هەمان بابەتی گرنگ و نیشتمانیی سوریا و ئەو شتەیە کە لە هۆزەکان چاوەڕێی دەکەین و لە وەها هەڵوێستێکیش دڵنیاین.
ناوبراو وتی: ئەڵبەت هەندێک هەوڵ دەدەن سوود لە بوونی ئەمریکییەکان لە ناوچەکە وەربگرن و هەر بۆیە ئەمریکییەکانیش ئەوانیان خستووەتە خزمەت دابینکردن و مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە ناوچەکە.
مێقداد وتی: شەڕەکەی ئێستا ئەوەیە کە هەمووان دەیانەوێت لە ژێر ئاڵای هۆزەکاندا بن و هەڵوێستی یەکگرتووی هۆزەکانیش لە دژی هەسەدە و خزمەتکردنی ئەمریکا لە لایەن ئەم هێزەوە دەبینرێت.
ناوبراو لە کۆتاییدا جەختیکردەوە کە هێزەکانی سوریای دیمۆکرات سەرقاڵی لەناوبردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆیانن، لە بەر ئەوەی کە چاویان بڕیوەتە جیابوونەوە لە سوریا و دەیانەوێت وەک خزمەتکاری پلە یەکی ئەمریکا بمێننەوە./.