بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلیڕەزا عەنایەتی لە چاوپێکەوتنی تایبەت لە گەڵ ئاژانسی فەرمی ئێران (ئێرنا) وتی: پێش ڕۆیشتنم بۆ سعوودیە لە گەڵ وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبوومەوە و سەبارەت بە پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی تاران و ڕیاز پێکەوە وتووێژمان کرد، هیوادارین بتوانین لە چوارچێوەی سیاسەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ کە لە لایەن ئایەتوڵڵا ڕەئیسییەوە جەختی لە سەر کراوەتەوە، ئەم پەیوەندییانە بەرەو پێش ببەین.
ناوبراو وتی: ئێمە لە سەرەتای ڕێگاکەداین، لە 10 ی ئازاری 2023 پەیوەندییەکانمان دەستپێکردووەتەوە و شەش مانگی پڕ لە کار و چالاکیمان تێپەڕ کردووە و پێکەوە ئیش و کارەکانمان بەرەو پێش بردووە، لە شەش مانگی ڕابردوو باڵیۆزخانەکان و کۆنسووڵخانەکانمان کردووەتەوە، دیپلۆماتکاران ئاڵوگۆڕ کراون، ڕاگەیاندنی فەرمی کراوە، وەزیرانی دەرەوەی هەر دوو وڵات سەردانی ڕیاز و تارانیان کردووە و پێکەوە کۆبوونەتەوە و هەنگاوی دواتر کە ئاڵوگۆڕی باڵیۆزەکانە، ئەویش تەواو دەبێت.
ئاڵوگۆڕی باڵیۆزەکانی ئێران و سعوودیە
عەنایەتی دەستپێکردنی فەرمی کارەکانی ڕاگەیاند و وتی کە ڕۆژی سێ شەممە 5 ی ئەیلولی 2023 دەگەمە ڕیاز و ئەوەی زانیاریم هەبێت باڵیۆزی پاشایەتی سعوودیەش لەم ماوەیەدا دەگاتە تاران و کارەکانی بە فەرمی دەست پێدەکات.
باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: پێم وایە کە دانوستانەکانی نێوان هەر دوو وڵات بە باشترین شێواز بەرەوپێشچوونی هەبووە بەڵام بە پێی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە چاوپێکەوتنی ڕۆژانی ڕابردوویان لە گەڵ سەرۆک کۆمار و ئەندامانی کابینەکەی جەختیان لە سەر کردەوە، ئەمە سەرەتایەکە بۆ کاری زیاتر لە ئاستی دووقۆڵی و چەندقۆڵی لە نێوان ئێران و سعوودیە. هیوادارین بتوانین لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتەدا بەرەو پێش بڕۆین و ئەم پەیوەندییانە لە گەڵ سعوودیە لە ئاستە جیاجیاکانی دووقۆڵی، وەک سیاسی، ئابوری، بازرگانی، ئەمنی، وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری، ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی، گەشتیاری، ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەهێز بکەین.
عەلیڕەزا عەنایەتی جەختی لەوە کردەوە کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە هاوکاری بەکۆمەڵ هەیە و وتی: ئێمە ڕێگایەکمان دەستپێکردووە کە بڕوامان بەو ڕێگایە هەیە و پێمان وایە کە پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە لە بوارە جیاجیاکانی دووقۆڵی، چەندقۆڵی، جیهانی ئیسلام و نێودەوڵەتی کاریگەری زۆر ئەرێنی بە دواوە دەبێت. ئەم هاوکارییانەش دەتوانێت بە ئیرادەی هەر دوو لا مسۆگەر بکرێت. لایەنی ئێرانی ئەم ئیرادەی هەیە و ئیرادەی هاوشێوەش لە لایەنی سعوودی بینراوە و هیوادارین کە ئێران و سعوودیە وەک دوو وڵاتی کاریگەری ناوچەکە بە هاوکاری یەکتر بتوانن نموونەیەکی سەرکەوتنی هاوکاری ناوچەیی پیشان بدەن. ناوچەکەی ئێمە پێویستی بە هاوبەشی و هاوکاری لە بوارە جیاجیاکاندا هەیە، بە هەر ڕێژەیەک کە هاوکاری وڵاتانی ناوچەکە پێکەوە زیاتر بێت دەرفەتەکان بۆ بوونی وڵاتانی بێگانە کەمتر دەبێت و دادەبەزێت.
بڕوامان بەو ڕێگایە هەیە کە دەستیپێکردووە
باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سعوودیە وتی: وەزیری دەرەوە لە دانوستانەکان و سەردانەکانی بۆ وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس جەختی لە سەر پێکهێنانی کۆڕی وتووێژی ناوچەیی کردووەتەوە، ئەمەش بە واتای پێکەوەبوونی 8 وڵاتی ناوچەی کەنداوی فارسە کە لە دەوری یەک مێز کۆببنەوە و پێکەوە لە بوارە جیاجیاکان و بە پێی ئەو دەفرایەتییەی لە ناوچەکە هەیە پێکەوە هاوکاری بکەن. ئەم هاوکارییە دەبێتە هۆکاری دابینکردنی ئاسایشی ناوخۆیی لە لایەن وڵاتانی ناوچەکە بە بێ بوون و دەستێوەردانی وڵاتانی بێگانە.
عەلیڕەزا عەنایەتی بە ئاماژە بە هەڵوێستی بەرپرسانی سعوودیە سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لە گەڵ ئێران، وتی: ئێران و سعوودیە پێکەوە جەختیان لە سەر هاوکاری و هاوئاهەنگی بۆ بەرەوپێشچوونی ئەو ڕێگایە کە دەستیپێکردووە، کردووەتەوە. ئەمە سەرەتای ڕێگاکەیە و ئێمە ڕێگایەکی دوور و درێژمان بۆ پتەوکردنی هاوکارییەکان و هاوبەشی لە گەڵ سعوودیە لە پێشە.
ناوبراو وتی: ئەم هەڵوێستەمان لە بەرپرسانی سعوودیەش بیستووە کە هاوکارییەکانی هەر دوو وڵات دەتوانێت لە ئاستی دووقۆڵی و چەندقۆڵی بەرەو پێش بڕوات و سنورێک بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان نییە. ئەم جەختکردنەوەی هەر دوو لا دەتوانێت پیشاندەری ئاسۆیەکی ڕوون لە بەردەم پەیوەندییەکاندا بێت.
هاوکاری وڵاتانی ناوچەکە بە بێ بوونی بێگانەکان
عەلیڕەزا عەنایەتی لە درێژەدا وتی: تێڕوانینی هەر دوو وڵاتی ئێران و سعوودیە، چ لە سەردانی وەزیری دەرەوەی سعوودیە بۆ تاران و کۆبوونەوەکانی لە گەڵ وەزیری دەرەوە و سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران و چ لە سەردانی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ڕیاز و کۆبوونەوەکانی لە گەڵ وەزیری دەرەوە و جێنشینی سعوودیە، لە سەر بنەمای هاوکارییەکی درێژخایەن بووە.
ناوبراو وتی: ئێمە لە وتووێژەکانمان لە گەڵ لایەنی سعوودی جەختمان لە سەر بنەمای دراوسێبوون و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردووەتەوە و سعوودیەش لە بەرامبەردا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئیرادەی جیدیی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئێران هەیە، هەر بۆیە ئێران و سعوودیە دەتوانن بە هاوکاری یەکتر و ئەو تێڕوانینەی لە سەر ئاسۆی پەیوەندییەکان و دەفرایەتییەکان هەیە، بناغەی هاوکارییەکی ناوچەیی بە بێ بوونی بێگانەکان دابڕێژن./.