بێگومان بوونی گرووپە تیرۆریستییە چەکدارەکان لە هەرێمی کوردستان ئەگەرچی ئاسایش و سەقامگیریی ئێرانی کردووەتە ئامانج، بەڵام لە لایەن دوژمنانەوە بەردەوام بۆ زیانگەیاندن بە پەیوەندییە مێژووییەکەی گەلانی ئێران و عێراق بەکار هاتووە.
بوونی ئەم هێزانە درێژکراوەی ئامادەبوونی نایاسایی هێزەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکە، لە بەر ئەوەی کە لە لایەن ئەمریکا و دوژمنانی گەلانی ئێران و عێراقەوە بۆ مسۆگەرکردنی ئامانجەکانی ئەوان پاڵپشتی دەکرێن، ئەو ئامانجانەی کە لە ناکۆکی و ئاژاوەی نێوان وڵاتان، سەرقاڵکردن و لاوازکردنی سوپاکانی ئەوان لە پێناو دەستەبەرکردنی ئاسایشی ڕژێمی زایۆنیستی خۆی دەبینێتەوە.
پێداگری ئێران لە سەر چەککردنی گرووپە دژەبەرەکانی شۆڕشی ئیسلامی تا 19 ی ئەیلول و درێژنەکردنەوەی ئەم وادەیە لە پلەی یەکەدا لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق دەبێت. ئامانجی سەرەکی ئەمریکا لە ڕووداوەکانی ناوچەکە و بوونی گرووپە تیرۆریستییەکان لە سوریا و عێراق و ناوچەکانی دیکە، ئەوەیە بە پاساوی ناسەقامگیری ناوچەکە بوونی هێزەکانی خۆی درێژەپێدەر بێت.
حکومەتی عێراق ئاگاداری ئەوەیە کە لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت و ناوەڕۆکی ڕێکەوتنە ئەمنییەکەی لە گەڵ ئێران بۆ بەرپرسانی هەرێم ڕوونکردووەتەوە، لە بەر ئەوەی کە پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق بە تەواوی دۆستانە و لە سەر بنەمای ڕێزگرتنی بەرامبەر و ڕەچاوکردنی مافی دراوسێبوونە.
ئەم پەیوەندییانەش نابێت بە هۆی بوونی گرووپەکانی دژبەری شۆڕشەوە لە هەرێمی کوردستان زیانی پێبگات. ئێران ناتوانێت دەستەوەستان بێت و ببینێت کە دوژمنان چۆن کەڵک لەم گرووپانە بۆ زیانگەیاندن بە ئاسایشی نیشتمانیی وەردەگرن. ئێران ئاسایشی نیشتمانیی خۆی وەک هێڵێکی سوور دەبینێت و لەم پێناوەدا هیچ بیانوو و پاساوێک بە قبووڵکراو نازانێت./.