بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ڕاگەێندراوێکی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هاتووە کە ” شەهیدبوونی فەرماندەی تێکۆشەر دکتۆر ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس، لایەنگرانی مەکتەبی خۆڕاگری و هەموو خەڵکی ئازادیخوازی جیهانی خەمبار کرد، ئەم تیرۆرە بەڵگەیەکی دیکەی بۆ شەرمەزارکردنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی زیاد کرد “.
لە درێژەی ئەو ڕاگەێندراوەدا هاتووە کە ” حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە توندی ئیدانەی ئەم کردەوە دڕندانەیە دەکات کە بە ئامانجی تایبەت لە ڕۆژی دەستبەکاربوونی حکومەتی یەکڕیزی نیشتمانی، میوانی فەرمی و دیپلۆماتیکی کۆماری ئیسلامیی کردووەتە ئامانج و ئەمەش پێشێلکردنی هەموو پرەنسیپ و ڕێساکانی مرۆڤایەتی و یاسا نێودەوڵەتییەکانە “.
حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران وێڕای دەربڕینی هاوخەمی خۆی بۆ گەلی زوڵملێکراو و خۆڕاگری فەڵەستین و بنەماڵەی شەهید هەنیە، ڕۆژانی چوارشەممە، پێنج شەممە و هەینی وەک ماتەمینی گشتی ڕادەگەێنێت./.