بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە نامەیەکدا ناوی ئەندامانی کابینەکەی بە مەبەستی بەدەستهێنانی متمانە ڕەوانەی پەرلەمان کردووە.
وەزیری پێشنیارکراوی کشتووکاڵ لە کابینەکەی مەسعود پزیشکیان، کەسێکە بە ناوی غوڵامڕەزا نوری قزلجە.
ناوبراو لەدایکبووی ساڵی 1970 ی قەزای بوستان ئابادە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و بڕوانامەی دکتۆرای سیاسەت و گەشەپێدانی کشتووکاڵی هەیە و ئەندامی پەرلەمانی ئێرانە و لە خولەکانی ڕابردووشدا هەر لەو قەزایە وەک نوێنەری خەڵک لە پەرلەمانی ئێراندا بووە.
نوری قزلجە سیاسەتمەدارێکی ڕیفۆرمخوازە و لە بوارەکانی وەک گەشەپێدانی ناوچە گوندنشینەکان و پشتیوانی لە کەرتی کشتووکاڵ و مافی هاووڵاتیان چالاکی کردووە. ناوبراو هەروەها ئەندامی لێژنەکانی کشتووکاڵ، ئاو، سەرچاوە سرووشتییەکان و ژینگەی پەرلەمانی ئێران بووە.
جێگری بریکاری وەزارەتی کشتووکاڵ، ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتووکاڵ، جێگری پەیوەندییەکانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، جێگری سەرۆکی پەرلەمان بۆ کاروباری جێبەجێکاری و چەندین پۆستی دیکە لە کارنامەی ناوبراودا هەبووە.
وەزیری پێشنیارکراوی کشتووکاڵی کابینەی مەسعود پزیشکیان ماوەی 30 ساڵە لە پلە و پۆستە جیاجیاکانی وەزارەتی کشتووکاڵی ئێراندا چالاکی کردووە.
ناوبراو لە ماوەی سێ خولی پەرلەمانتاریدا بەردەوام لە لێژنە تایبەتەکانی کشتووکاڵ، ئاو و سەرچاوە سرووشتییەکاندا ئەندام بووە و بەرگریی لە ماف و بەرژەوەندی جوتیاران و چالاکوانانی بواری کشتووکاڵ کردووە./.