محەممەد گۆران لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، ڕایگەیاند: ئەمریکا چووبێتە هەر شوێنێک، یان پەیوەندی بە هەر دەسەڵاتدارێکەوە هەبووبێت، تاکوو ماوەیەک ڕێگا بۆ دەسەڵات خۆش دەکات تا هەر چی پێی خۆشە بیکات و پاشان هەموو ئەو کارە نایاسایی و تاوانانەی کراوە لە سەریان دەیکاتە بەڵگە.
ناوبراو وتی: پاش ئەوەی ئەمریکا بەڵگە لە سەر خراپی دەسەڵاتەکان کۆدەکاتەوە، ئەو دەسەڵاتە لە ناو دەبات و دەیڕووخێنێت، هاوکات دەست بە سەر پارە و داراییەکانی ئەواندا دەگرێت و ئەوەی سامان و داهاتیان هەبێت لە نێوان خۆی و وڵاتانی ئەورووپیدا دابەشیدەکات، ئەوەش لە وڵاتانی وەک عێراق، لیبیا و میسر بینراوە و شێوازی کارکردنی ئەمریکا بە جۆرێک بووە کە لە دۆستایەتیدا جێی متمانە نییە.
ئەو ڕۆژنامەنووسە وتی: ئەمریکا دژی هەر سەرکردە و وڵاتێک بوەستێتەوە، هەمووان ڕوبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی دەکاتەوە، قازانج و سوودەکەشی تەنیا بۆ ئەمریکایە.
محەممەد گۆران لە کۆتاییدا وتی: ئەزموونەکانی ڕابردوو پێمان دەڵێت کە ئەمریکا دۆستی تاسەر نییە بۆ هیچ دەسەڵاتێک، بەڵکوو بەرژەوەندییەکانی خۆیی دەوێت./.