بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا وتی کە پشتیوانی ئێمە لە خۆڕاگری و سەرجەم گرووپەکانی خۆڕاگری، بنەمایەکی نەگۆڕە.
ناوبراو سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەردەمی سەرۆکایەتی دکتۆر مەسعود پزیشکیاندا، وتی کە سیاسەتی ئێمە چالاک دەبێت و هەوڵ دەدەین لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بوونمان هەبێت و نابێت تەنیا بینەری ڕووداوەکان بین.
عێراقچی وتی کە سیاسەتی دەرەوەی ئێران کاریگەر دەبێت و پلانەکان بە ئامانجێکی دیاریکراوە کە کاریگەریی لە کەرتی ئابوری وڵاتدا هەبێت و تەنیا بیر لە هاتووچۆی شاندە دیپلۆماسییەکان ناکەینەوە.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی کە سێ ڕاسپاردەمان دیاریکردووە، یەکەم، دابینکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان، دووەم، پتەوکردنی هێزی نیشتمانی و سێهەم، سەروەری نیشتمانی.
ڕاشیگەیاند کە ئامانج لە ڕاسپاردەی یەکەم مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانە، ئامانج لە ڕاسپاردەی دووەم یارمەتیدانی ئاسایشی نیشتمانی وڵاتە و لە ڕاسپاردەی سێهەمدا بەرزکردنەوەی پێگە و سەروەری وڵات زیاتر لەمەی ئێستا وەک ئامانجێک دیاریکراوە./.