نەوزاد ساڵح لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی: بە پێی ئەو ئامادەکارییانەی کۆمیسیونی باڵای هەڵبژاردنەکان کردوویەتی، هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت، ئەو کۆت و بەندانەی کە کۆسپ بوون لە ڕێگای پرۆسەکەدا چارەسەرکراون، وێڕای ناهەمواری دۆخەکە بەڵام بیانوو بە دەست لایەنەکانەوە نەماوە و ئامادەکاری تەواو کراوە.
ناوبراو وتی: یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک لایەنێکی بەهێزی ناو پرۆسەکە ئامادەکاری تەواوی کردووە و پێمان وایە وێڕای ئەوەی کە هەڵبژاردنەکان میتۆدێکی گونجاوە بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات، لە هەمان کاتیشدا ئەم پرۆسەیە نەوعییە و ڕێڕەوی حوکمداری ڕاست دەکاتەوە و بەشێک لە هاوکێشەی سیاسی دەگۆڕێت.
نەوزاد ساڵح لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد: هەڵبژاردنەکان پرۆسەیەکی دیمۆکراسییە، پێشتر یەکێتی ئەزموونی ٢٠٠٩ی بینیوە کە ڕێژەی کورسییەکانی کەمی کرد، بەڵام ئەو قۆناغەشی تێپەڕاند و هەستایەوە و ئەنجامەکەی قبوڵکرد.
وتیشی: ئێستا یەکێتی زۆر بەهێزترە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی دیکە، هەربۆیە وای دەبینین یەکێتی باشتر لە لایەنەکان ساز و ئامادەیە./.