بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شارەزایانی بواری تەندرووستی لە سەر کاتی باشتر بۆ خواردنەوەی ئاو، چەند کاتێکیان دەستنیشان کردووە کە بریتین لە:
بەیانیان
کاتێک لە خەو هەڵدەستیت، یەک بۆ دوو کوپ ئاو بخۆرەوە. لە جیاتی خواردنەوەی قاوە یان چا، هەوڵبدە ڕۆژەکەت بە خواردنەوەی ئاو دەست پێ بکەیت. لەبەرئەوەی بە درێژایی شەوەکە نووستوویت و هیچ ئاوێکت نەخواردووەتەوە، لەشت تووشی وشکبوونەوە بووە. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، وشکبوونەوەی جەستە کاریگەری لە سەر بیرەوەری، سەرنج، ئاستی دڵەڕاوکێ و ماندووێتی کەسەکە دەبێت. لەم کاتەدا خواردنەوەی ئاو زۆر پێوستە و بۆ لەش زۆر گرنگە، دواتر دەتوانیت قاوەکەشت بخۆیتەوە. هیچ جۆرە لێکۆڵینەوەیەک نییە و هەروەها نەسەلمێنراوە کە خواردنەوەی ئاو لە بەیانیاندا سوودی زیاترە بە بەراورد بە کاتەکانی تر.
پێش ژەمەکان
ئاو ڕۆڵێکی گرنگی لە ڕێکخستنی کێشی لەشدا هەیە، خواردنەوەی ئاو پێش ژەمەکان هەستی تێربوون زیاد دەکات و وا دەکات زیادەڕەوی لە خواردندا نەکەیت. توێژینەوەیەک سەلماندوێتی ئەو ئافرەت و پیاوانەی پێش ژەمەکان ئاویان خواردووەتەوە، زیاتر هەستیان بە تێری کردووە.
لە پێش و پاش ڕاهێنان و وەرزشکردن
لە کاتی ڕاهێنانکردن لە ڕێگەی ئارەقکردنەوە بڕێکی زۆر لە ئاو و ئەلکترۆلایت لەدەست دەدەیت. خواردنەوەی ئاو لە پێش و لە پاش ڕاهێنانکردن زۆر پێویستە، لەبەرئەوەی لەش لە وشکبوونەوە دەپارێزێت و هەروەها جێگەی ئەو شلەمەنییە دەگرێتەوە کە لە دەستت داوە. لە کاتی ڕاهێنانکردن لە دەستدانی بڕێکی زۆر لە شلەمەنی جەستە زیان بە لەش دەگەیەنێت و دەشێت کەسەکە تووشی ناهاوسەنگی ئەلکترۆلایەتەکان ببێتەوە. کەواتە خواردنەوەی ئاو لەم کاتەدا زۆر گرنگە، بە تایبەتی ئەگەر ئاوەکە بە جۆرە جیاوازەکانی ئەلکترۆلایت دەوڵەمەند کرابێت.
لە کاتی سەرئێشەدا
دەوترێت یەکێک لە نیشانەکانی وشکبوونەوەی جەستە بریتییە لە سەرئێشە. کەواتە دەشێت بە خواردنەوەی ئاو لەو ئازارە ڕزگارت ببێت، بێگومان ئەگەر هۆکارەکەی وشکبوونەوەی جەستە بێت.
لە پاش ژەمەکان
خواردنەوەی ئاو لە دوای ژەمەکان یارمەتی کرداری هەرسکردن دەدات و ئاسانی دەکات. بە تایبەتی لە دوای خواردنی ئەو خۆراکانەی ڕێژەیەکی زۆر لە ڕیشاڵیان تێدایە. پێکهاتەی ڕیشاڵ کرداری هەرس ئاسان دەکات و بڕێکی زۆر لە ئاو هەڵدەمژێت. کەواتە ئەگەر لە ژەمێکدا بڕێکی زۆر لە ڕیشاڵت وەرگرت، پێویستە ئاوی پێویست بخۆیتەوە تاکوو لەشت تووشی وشکبوونەوە نەبێت.
پێش نووستن
پێش نووستن یەکێکی ترە لەو کاتە گونجاوانەی بۆ خوارنەوەی ئاو باشە، بەڵام هەوڵبدە زۆر نەخۆیتەوە و تەنیا چەند قومێک گونجاوە. لەبەرئەوەی ئەگەر بڕێکی زۆر لە ئاو بخۆیتەوە، ئەوا پێویستە دواتر لە ناوەڕاستی شەوەکەدا هەستیت و میز بکەیت، بەمەش سوڕی خەوەکەت تێکدەچێت. باشترین کار ئەوەیە، پەرداخێک ئاو لە لای شوێنی نووستنەکەت دابنێیت بۆ ئەوەی هەر کاتێک هەستت بە تینووێتی کرد، بیخۆیتەوە. بۆ نموونە هەندێک کەس بە هۆی خواردنی چەند دەرمانێکی تایبەتەوە، تووشی تینوێتییەکی زۆر دەبنەوە./.