بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نەبیە بێری سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان بە بۆنەی چل و شەشەمین ساڵیادی بێسەروشوێنبوونی ئیمام موسا سەدر و هاوڕێکانی، وتی: بە بێ گەڕانەوەی ئیمام موسا سەدر و 2 کەسی هاوڕێی، هیچ ڕێکەوتن و ئاشتەوایی و چارەسەرێک بوونی نابێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە شەڕی غەززە وتی: کابینەی نتانیاهۆ سەرجەم هەوڵەکانی ڕاگرتنی شەڕی غەززەی شکست پێهێناوە و دەیەوێت گەلی فەڵەستین لە ناو ببات.
بێری وتی: شەڕی ڕەگەزپەرستانەی کابینەی نتانیاهۆ لە دژی غەززە، هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ سەپاندنی ئەمری واقیع لە ڕووی جوگرافییەوە لە ناوچەکە و ئەگەر غەززە بکەوێت، کەوتنێکی گەورە بۆ ئۆممەی ئیسلامی لە ڕووی ئاسایشی نیشتمانی، کەلتور، مێژوو و سنورە جوگرافییەوە دەبێت.
سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان وتی: بەرگری لە غەززە و فەڵەستین بووەتە تاقیکردنەوەیەک بۆ مرۆڤایەتی عەرەبەکان و موسڵمانان و سەرکەوتن لەم بەرگرییەدا تەنیا بە زیاتربوونی خۆڕاگری لە بەرامبەر پرۆژە ڕەگەزپەرستانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی مسۆگەر دەبێت.
بێری وتی: ئێمە پابەندی ئەو بنەمایەن کە باس دەکات ئیسرائیل سەرچاوەی تەواوی خەراپە و شەڕ و ناپاکییە و هەر مامەڵە و پەیوەندییەکی لە گەڵدا قەدەغەیە./.