سەعدی ئەحمەد پیرە لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، ڕایگەیاند: سەرەتا ئێمە جارێكی تر پیرۆزبایی لە تەواوی گەلانی ئێران و بەڕێز مەسعود پزیشكیان دەكەین كە توانی ببێتە سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران، بەرنامەكەیشی بە پێی بەرنامەی هەڵبژاردن بەرنامەیەكی تێروتەسەلە و ئەوەش پەیامێكی گرنگە كە پزیشكیان دەیەوێت بە هەموو هەوڵی خۆی هەم لە ناوخۆی ئێران و هەم لە دەرەوەشدا كاری گەورە بۆ ئێران پێشكەش بكات و ئاشتی بۆ هەموو گەلانی ئێران دابین بكات كە ئەوەش كارێكی گەورەیە.
ناوبراو وتی: ئێران وڵاتێكی گەورەیە و دراوسێی عیراقە و گرنگە پەیوەندیمان پێكەوە باش بێت، پێمانوایە هاتنی مەسعود پزیشكیان سەرۆک کۆماری ئێران بۆ عێراق واتە تەواوكردنی بەرنامەی كاری خوالێخۆشبوو ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری پێشوو كە دەیویست پەیوەندی نێوان ئەم دوو وڵاتە پتەوبێت.
وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وتی: پێمانباشە بەڕێز پزیشكیان سەرۆک کۆمار لە سەردانەكەیدا بۆ عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانیش بكات، چونكە ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمی كوردستان و لە ئێرانیشدا تەواوكەری یەكترین و پەیوەندییان پێكەوە هەیە.
سەعدی ئەحمەد پیرە لە کۆتاییدا وتی: هاتنی بەڕێز پزیشكیان پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات لە تەواوی بوارە جیاوازەكانەوە بەهێز دەكات و هەموو گەلانی هەردوو وڵاتیش بە ئارامی لە سایەی ئەو ئاسایش و پێكەوەژیانەدا دەژین./.