بە پیی ڕاپۆرتی جام کوردی، تێدرۆس ئەدهانۆم ڕایگەیاند: زیاتر لە 189 هەزار منداڵی خوار تەمەنی دە ساڵ کوتانیان بۆ کراوە و ئەمەش زۆر زیاترە لە ئامانجی 156 هەزار و 500 منداڵ.
ناوبراو ڕایگەیاند: هەڵمەتی کوتان بۆ ماوەی 3 ڕۆژی دیکە لە 4 سەنتەری جێگیر بەردەوام دەبێت بۆ دڵنیابوون لەوەی هیچ منداڵێکی کوتان نەکراو لەم ناوچەیەدا نەمێنێت.
بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی ڕایگەیاند: ئامادەکارییەکان بەردەوامن بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتی کوتان لە باشوری کەرتی غەززە و بڕیارە لە 5 تا ١٢ی ئەیلول بۆ سەرجەم ناوچەکانی کەرتی غەززە درێژبکرێتەوە.
هاوکات، ڕۆژی 25ی ئاب، وەزارەتی تەندرووستی فەڵەستین گەیشتنی وەجبەی یەکەمی ڤاکسێنەکانی ڕاگەیاند کە ژمارەیان یەک ملیۆن و 260 هەزار ڤاکسێن بووە.
لە 16ی ئاب، ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش داوای ئاگربەستی مرۆیی کرد بۆ ماوەی 7 ڕۆژ، بە مەبەستی جێبەجێکردنی هەڵمەتێکی دژە ئیفلیجی منداڵان کە 640 هەزار منداڵ لەخۆدەگرێت و ڕاستەوخۆ لە لایەن ڕێکخراوی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پاڵپشتی کرا./.