بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، چەند ڕێگایەک بۆ ئەوەی شەوان زوو خەوت لێ بکەوێت لەم نووسینەدا ئاماژەیان پێ دەدرێت:
خوێندنەوەی کتێب پێش خەوتن
گڵۆپەکانی ژوورەکەت بکوژێنەوە و لە سەر جێی نوستنەکەت گڵۆپێکی کەم ڕووناکی ئیش پێ بکە و کتێب بخوێنەوە، بەم ڕێگایە زوو خەوت لێ دەکەوێت.
کاتێکی دیاریکراو بۆ خەوت دابنێ
هەموو شەوێک لە یەک کاتی دیاریکراودا بڕۆ جێگای نوستنەکەت و بخەوە، ڕێککردنی ئەم کاتە وادەکات کە مێشکت کاتی خەوتنت لەبەربکات و بەرنامەڕێژی بۆ بکات و هەموو شەوێک ئەو کاتە خۆی ئامادە بکات بۆ خەوتن، خەوێکی ڕێکوپێکیش یارمەتیت دەدات تاکوو ڕێژەی هەردوو هۆڕمۆنی سیرۆتۆنین و میلاتۆنین ڕێکبخرێن و یارمەتی کاروباری ڕۆژانەت بدەن.
خواردنی ژەمە خۆراکێکی تەندرووست
خواردنی تەندرووست بۆ جەستە زۆر گرنگە و کاتێک جەستەیەکی تەندرووستت هەبێت خەوێکی تەندرووستیشت دەبێت، خواردنی میوە و سەوزە یارمەتیت دەدات کە شەوان زوو خەوت لێ بکەوێت، چوونکە ڕێژەی مەگنیسیۆم و پۆتاسیۆم زیاد دەکات لە جەستەدا.
ژوورەکەت با سارد بێت.
هەوڵ بدە ژوورەکەت با سارد و فێنک بێت بەڵام نەک ئەوەندەش سارد کە خەوت لێ نەکەوێت و زۆر سەرمات بێت. لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە کاتێک پلەی گەرمی جەستە کەم دەبێتەوە کەسەکە هەست بە خەواڵوویی دەکات و خەوی دێت.
یۆگا
کاتێک یۆگا دەکەیت جەستەت خاو دەبێتەوە و هەست بە ئارامی تەواو دەکەیت، بۆیە یۆگاش ڕێگایەکی زۆر باشە تاکوو زوو خەوت لێ بکەوێت.
خواردنەوەی کوپێک شیری گەرم
لە کۆنەوە وتراوە کە شەوان پێش خەوتن خواردنەوەی کوپێک شیری گەرم بەسوودە و هەروەها یارمەتیت دەدات تاکوو زوو خەوت لێ بکەوێت.
دوورکەوتنەوە لەو خواردنەوانەی کە کافاینیان تێدایە
چەند کاتژمێرێک پێش خەوتن دووربکەرەوە لەو خواردنەوانەی کە کافاینیان تێدایە چوونکە خەوت ناهێڵن، وەک چا و قاوە.
کوژاندنەوەی هەموو ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان
تیشکی تەلەفزیۆن و هەروەها مۆبایل ڕێگرە لەوەی خەوێکی ئارامت هەبێت و زوو خەوت لێ ناکەوێت، باشترین ڕێگا تاکوو زوو خەوت لێ بکەوێت کوژاندنەوەی مۆبایلەکەتە.
بەکارهێنانی پەردەیەکی ئەستوور بۆ ژوورەکەت
هەتاکوو دەتوانیت هیچ ڕووناکیەک با لە ژوورەکەتدا نەبێت، ئەگەر تەواوی گڵۆپەکانت کوژاندووەتەوە و بەڵام هەر ڕووناکی لە پەنجەرەی ژوورەکەتەوە دێتە ژوورەوە ئەوا پەردەیەکی ئەستووری لێبدە تاکوو هیچ ڕووناکیەک بێزارت نەکات./.