بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەشکەوتی سەهۆڵان لە دووری 53 کیلۆمەتر لە باکوری ڕۆژهەڵاتی مەهاباد و لە سەر جادەی مەهاباد – بۆکان هەڵکەوتووە و بە یەکێک لە ئاسەوارە کۆن و دێرینەکانی کوردستانی ئێران دادەنرێت.
سەهۆڵان یەکێک لە گرنگترین، بێ وێنەترین و دەگمەنترین ئەشکەوتە ئاوییەکانی کوردستانی ئێرانە و چەندین دیمەنی سەرنجڕاکێشی سرووشتی تێدایە کە جێگەی سەرسوڕمانە، هەر ئەو تایبەتمەندییانەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕۆژانە بە سەدان گەشتیار وەک ئێرانی و بیانی سەردانی ئەشکەوتی سەهۆڵان و مەهاباد بکەن و ئەمەش سەرچاوەیەکی باشی گەشتیارییە بۆ ناوچەکە.
ئەشکەوتی سەهۆڵان لە نزیک گوندی سەهۆڵان هەڵکەوتووە، خەڵکی خۆجێیی ناوچەکە ئەو ئەشکەوتە بە “کونە کۆتر” دەناسن، هۆکاری ئەو ناوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە دەرەوە و ناوەوەی ئەشکەوتەکە بە دەیان هێلانە کۆتر هەیە.
پانتایی ناوەوەی ئەشکەوتی سەهۆڵان، نزیکەی 600 مەتری چوارگۆشە و پێکهاتەی ئەشکەوتەکە بەردی ئاهەکییە، بەرزییەکەی تا ئاستی دەریاچەکە 50 مەترە و قووڵایی ئاوەکەی لە هەندێک شوێن دەگاتە 32 مەتر و جیاوازیی پلەی کەشوهەوا لە دەرەوە و ناوەوەی ئەشکەوتەکە لە نێوان 10 هەتا 15 پلەیە.
بە وتەی ئەشکەوتناس و کەوناراناسان لە ڕووی چەندان توێژینەوەوە دەریان خستووە کە مێژووی ئەم ئەشکەوتە بۆ کۆتاییەکانی سەردەم و چاخی کرتاسە دەگەڕێتەوە واتە 70 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر.
سەهۆڵان 100 ساڵ لەمەوپێش بۆ یەکەم جار لە لایەن جاک دۆمۆرگانی فەرەنسییەوە توێکاریی شوێنەواریی بۆ کراوە، پاشان لە ساڵانی شەڕی دووەمی جیهانیدا لە لایەن شوێنەوارناسێکی بەریتانییەوە توێژینەوەی لەبارەوە کراوە و ساڵی 1995 لە لایەن ئەشکەوتناسانی ئێرانییەوە ناسێنراوە و لە ڕیزی شوێنەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندایە./.