بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لێرەدا ئەو ڕێگایانە دەخەینەڕوو کە بۆ زوو هەستان لە خەو لە بەیانیاندا گرنگن.
هەنگاو بە هەنگاو ڕێکردنەوەی کات
گرنگترین ڕێگا بۆ ئەوەی بتەوێت زوو لە خەو هەستیت، بریتییە لەوەی هەنگاو و بە هەنگاو ئەم کارە بکەیت، ١٠ بۆ ١٥ خولەک زووتر، لە ماوەی ٢ بۆ ٤ ڕۆژدا، لەم کارە بەردەوام بە تاکوو بە تەواوی هەست بکەیت کە ڕاهاتوویت بەم ڕێگایە بۆ زوو هەستان لە خەو، ئەگەر وا ڕاهاتوویت کە ٨ـی بەیانی لە خەو هەستیت ئەوا لە ناکاو هەستان لە خەوت مەگۆڕە بۆ کاتژمێر ٦ و سەرەتا کاتژمێر لە ٧:٤٥ خولەکەوە دەست پێ بکە و دواتر وردە وردە.
هیچ کات سەرکەوتوو نابیت لەناکاو بتەوێت کە ١ بۆ ٢ کاتژمێر زووتر لە خەو هەستیت، ئەمە بکەیت یەکەم ڕۆژ قورس تێدەپەڕێت و دووەم ڕۆژت قورستر لە ڕۆژی پێشوو، و ڕۆژی سێیەم خراپتر دەبیت لەو دوو ڕۆژەی تر و تووشی کەم خەوی دەبیتەوە و کارەکانی ڕۆژانەت بۆ ئەنجام نادرێت.
جۆش و خرۆشت هەبێت دوای هەستان لە خەو
ئەو شەوەی کە دەتەوێت بەیانیەکەی زوو هەستیت لە خەو، هەوڵبدە بیر لە کارێکی زۆر خۆش بکەیتەوە کە بڕیارە بەیانی ئەنجامی بدەیت، بڕیار بدە کە بەیانی هەستایت لە خەو بە دڵنیاییەوە ئەم کارە ئەنجام دەدەیت، دەکرێت ئەم کارە وەرزش کردن، خوێندنەوەی کتێب، سەیریکردنی فیلم، یان هەر شتێکی تر بێت کە ئارەزووی لێ دەکەیت.
هاتنەدەرەوە لە جێگای نوستنەکەدا
کە لە خەو هەستایت بە وزەیەکی زۆرەوە لە جێی نوستنەکەت وەرە دەرەوە و بڵێ من زیندووم، هەوڵدەدەم بۆ ئەم ئامانجەی لە هەمە کە زوو هەستانە لە خەو تاکوو کارەکانم زوو ڕاپەڕێنم.
زەنگی بێدارکردنەوە دوور لە خۆت دابنێ
ئەو زەنگەی کە دایدەنێیت تاکوو زوو هەستیت لە خەو لە شوێنێکی دوور لە خۆتەوە دایبنێ، چونکە ئەگەر نزیک بێت کاتی لێدانی دەیکوژێنیتەوە و دەخەویتەوە، بەڵام ئەگەر دوور بێت ناچاریت هەستیتەوە و لە جێی نوستنەکەت بێیتە دەرەوە بۆ کوژاندنەوەی بەم شێوەیە خەوەکەت دەزڕێت و ناخەویتەوە.
لە ڕۆژانی پشوودا درەنگ لە خەو هەڵمەستە
ئەگەر کەسێکیت کە هەموو ڕۆژێک زوو هەستاویت لە خەو دەبێت ڕۆژانی پشووش بە هەمان شێوە زوو هەستیت لە خەو، چونکە ئەو کاتەی جەستەت پێی ڕاهاتووە تێک دەچێت و ناچاریت لە سەرەتاوە دەست پێ بکەیتەوە.
زەنگەکە وا دابنێ کە چەند جارێک لێبدات
تەنیا جارێک زەنگەکە لێبدات دەیکوژێنیتەوە و دەخەویتەوە، بەڵام ئەگەر بۆ ماوەی ٥ خولەک دەیبنێیت و هەموو سەری خولەکێک لێ بدات ناچاریت زوو هەستیت و بیکوژێنیتەوە.
زەنگی بێدارکەرەوە بکە بەو مۆسیقایەی کە خۆت ئارەزووی دەکەیت
واباشترە بە دەنگی ئەو مۆسیقایە هەستیت کە خۆت حەزت لێیەتی یان گۆرانی ئەو گۆرانیبێژەی کە ئارەزووی گۆرانییەکانی دەکەیت.
سڕینەوەی ئەو شتانەی کە خەو دەزڕێنن
خواردنی هەندێک جۆری خۆراک پێش خەوتن، یان ئەو خواردنەوانەی کە مادەی کافاینیان تێدایە وەک چاو و قاوە خەو تێک دەدەن.
بەرنامەڕێژی بۆ ڕۆژی داهاتوو
بەرنامە دابنێ بۆ بەیانیت، ئەم دانانی بەرنامەیە وادەکات کە ئەگەر زوو هەڵنەستیت لە خەو بەرنامەکانت تێکبچن و دوابکەویت، بۆیە ناچار دەبیت کە زوو لە خەو هەستیت.
یارمەتی وەرگرتن لە ماڵەوە
داوا لە ئەندامانی خێزانەکەت بکە زوو لە خەو خەبەرت بکەنەوە.
زووتر بخەوە
هیچ کات ناتوانیت بەیانی زوو هەستیت ئەگەر شەو زۆر درەنگ خەوتبیت، ئەگەریش هەستایت تەواوی ڕۆژەکە هیلاک دەبیت.
بیرکردنەوە لە کاری سبەینێ
ئەگەر کەسێکیت کە درەنگ خەوت لێ دەکەوێت، ئەوا هەوڵبدە کە کاتێک دەچیتە جێ نوستنەکەوە چاوت دابخەیت و بیر لەو کارانە بکەیتەوە کە بڕیارە بەیانی بیانکەیت
دوای هەستان لە خەو چی بکەین؟
دوورکەوە لەو کارانەی کە هەمیشە دەیکەیت، بۆ نموونە کردنەوەی مۆبایلەکە و چوونە خەت و سەیرکردنی هەواڵی ڕۆژ، بەڵکوو کاری تر ئەنجام بدە وەک:
خواردنەوەی پەرداخێک ئاو
ئەم کارە وادەکات کە هەستێکی باشترت هەبێت و خەوەکەت زووتر بڕوات، ئەمە جگە لە سوودە گرنگەکانی خواردنەوەی پەرداخێک ئاو لە بەیانیاندا.
تێڕامان
کەمێک تێڕابمێنە و چەند خولەکێک ئاوا بمێنەرەوە، بیربکەرەوە لەو کارانەی کە ئەمڕۆ دەیانکەیت.
وەرزشکردن
دەتوانیت بۆ ماوەی ١٠ خولەک پیادەڕەوی بکەیت، یان لە ماڵەوە کەمێک وەرزشی سوک ئەنجام بدەیت.
خواردنەوەی کوپێک چا یان قاوە
خواردنەوەی کوپێک چا یان قاوە دەبێتە هۆی خەو زڕان./.