بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مێژووی شاری ھەولێر کۆنە و تا ئێستا دیار نییە بە تەواوی بۆ کەی دەگەڕێتەوە، بە پێی گێڕانەوەکان بێت مێژووی نیشتەجێبوون تێیدا بۆ نزیکەی ٦٠٠٠ ساڵ بەر لە زایینی دەگەڕێتەوە و لەو کاتەوە تا ئێستا ژیانی تێدا بەردەوامە، ئەمەش بە پشکنین لە قەڵای هەولێر و ئەشکەوتی شانەدەردا دەرکەوتووە.
لە ساڵەکانی 2316 تاوەکوو 2371ـی پێش زایینی بە مەبەستی دەست بەسەرداگرتنی داھات و فرە سامانێتی دەڤەرەکە، پەلاماری ھێرشەکانی سەرگۆنی ئەکەدی گەیشتوونەتە ھەولێر و دەستی بەسەرداگیراوە.
پاشان لە لایەن گۆتییەکانەوە بووە بە بنکەیەکی سەرەکی گۆتییەکان، دواتر کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی کاشییەکان، هاوکات دەوڵەتی ئاشووریەکانیش لە باکوور دەمەزرا و دەسەڵاتی لە هەولێر و ناوچەکە پەیداکرد.
پاش شەڕی گۆگامێلا ئیمپراتۆریەتی یۆنانی بە سەر دارای شای ھەخامەنییەکان زاڵبوو و ھەولێر بووە بەشێک لە موڵکەکانی ئەو ئیمپراتۆرییەتە، کەوتە ژێر دەسەڵاتی چەندین ئیمپڕاتۆرییەتی تر، ساڵی ٢٢٧ لە سەردەمی شا ئەردەشێری ساسانی، لە مەدائینەوە هێرش کرایە سەر ھەولێر، ھەولێر کەوتە ژێر دەسەڵاتی ساسانییەکان و پەرستگای ئایینی زەردەشتیی لێ دروستکرا.
ساڵی ٦١٢ لە گەڵ ھاتنی سوپای ئیسلام، ساسانییەکان مەدائین و ھەولێر و زۆربەی ناوچەکەیان جێھێشت. ساڵی ١٦ـی کۆچی و لە سەردەمی جێنشین عومەری کوڕی خەتتاب بە فەرماندەی عوقبەی کوڕی فەرقەد لەشکری ئیسلام گەیشتە ئەو ھەرێمە و ھەولێر و نەینەوا و زۆربەی ھەرە زۆری ناوچەکانی دەورووبەر کەوتنە ژێر ئاڵای دەوڵەتی ئیسلام.
پاشان هەولێر کەوتە ژێر دەسەڵاتی عەباسییەکان، سوڵتان موزەفەرەدین هاتە سەر حوکم و ٤٤ ساڵ حوکمی شاری هەولێری کرد، پاش کۆچی دوایی موزەفەرەدین ھەولێر چووەوە ژێر دەسەڵاتی موستەنسیر بیلای عەباسی، ھەولێر لە ڕۆژگاری موزەفەردەین و لە دوای کۆچی دواییشی دوچاری پەلاماری مەغۆلەکان بووەوە. دواتر لە دوای ڕووخانی دەوڵەتی عەباسی بەدەستی مەغۆلەکان، لە ساڵی ١٢٥٨ ھەولێر کەوتە ژێر فەرمانڕەوای مەغۆلەکانەوە.
هەروەها هەولێر کەوتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی سەفەوییەکان، ساڵی ١٥١٤ لە پاش شەڕی چاڵدێران و سەرکەوتنی لەشکری سوڵتان سەلیمی دووەمی عوسمانی، ھەولێر و پاشان ھەموو عێراق کەوتنە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانییەوە. دواتر میرانی میرنشینی سۆران بوون بە حوکمڕان.
لە سەردەمی هاوچەرخیشدا لە ساڵی ١٩١٨ سوپای بەریتانی ھاتە ناو شاری ھەولێر. پاش هاتنی حیزبی بەعس، لە ساڵی ١٩٩١ سوپای ڕژێمی بەعس شکان و لە ناوچەکانی کوردستان کشانەوە، ھەولێر بوو بە پایتەختی کوردستانی عێراق.
قەڵای هەولێر
قەڵای هەولێر تەپۆڵکەیەکی بازنەیی ڕووتەختە بە ڕووبەری ١٠٢٫١٩٠ مەتری چوارگۆشە لە ناوڕاستی شاری ھەولێر درووستکراوە، کە لە کۆنەوە ناوەندی شاری ھەولێر بووە، هەروەها قەڵای هەولێر کۆنترین شوێنە لە جیهاندا کە تاکوو ئێستا ژیانی تێدابێت و تەمەنی نزیکەی هەشت هەزار ساڵە.
گرنگی هەولێر
ھەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستانە و ناوەندی سیاسی ھەرێمەکەیە، کۆمەڵێک ڕێکخراو و دەزگای ناحکومی و نێودەوڵەتیی لێیە و ھەروەھا بارەگای ڕێکخراو و کونسوڵخانەی وڵاتانی لێیە.
لە ڕووی جووگرافیشییەوە دەکەوێتە ناوەڕاستی هەرێمی کوردستان و شارەکانی دھۆک، کەرکوک و سلێمانی بە یەک دەبەستێتەوە. کۆمەڵێک شوێنەواری گرنگی تێدایە، گرنگترینییان ئەشکەوتی شانەدەر و قەڵای ھەولێرە کە شوێنێکی گەشتیاری و مێژووییە.
لە ھەولێر کۆمەڵێک نەتەوە و ئایینی تێدایە وەکوو کورد، ئاشوری، تورکمان، موسڵمان و کریستیان. سەندیکاکانی تایبەت بە مامۆستایان، ئەندازیاران، جوتیاران و ھونەرمەندانی لێیە.
زانکۆی گەورەی تێدایە، زانکۆی سەڵاحەدین و زانکۆی ھەولێری پزیشکی، ھەروەھا چەند پەیمانگایەکی لێیە بە ھەموو بەشەکانییەوە. چەندین باڵەخانەی ڕۆشنبیری و ھونەری لێیە وەکوو ھۆڵەکان، سینەما، کۆشکی ھونەر و کتێبخانە، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆری ڕۆژنامە و گۆڤار بە ھەر چوار زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی و تورکمانی دەردەچێت.
کۆمەڵێک یەکەی تەندرووستی و نەخۆشخانەی گەورەی لێیە، ھەروەھا چەندین کۆگای دەرمان و پێداویستی تەندروستی لێیە. بوونی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر بۆ گواستنەوەی ئاسمانی. بوونی پڕۆژەی بازرگانی زیاتر بەراورد بەشارەکانی دیکەی ھەرێم.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر
فڕۆکەخانەی ھەولێر یەکێکە لە گەورەترین و فروانترین فرۆکەخانەکانی کوردستان و عێراق کە دەکەوێتە پارێزگای ھەولێر و بە دووری حەوت کیلۆمەتر لە قەڵای هەولێرەوە دوورە. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی پێشووی عێراق لە ٢٠٠٣، حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی درووست بکات کە ببێتە دەروازەیەک بۆ گەشتکردن بەرەو جیھان.
ئەم پارێزگایە لە چەندین قەزا بە ناوەکانی ناوەندیی هەولێر، دەشتی هەولێر، مەخمور، سۆران، شەقڵاوە، کۆیە، خەبات، مێرگەسوور، چۆمان و ڕواندز پێکهاتووە./.