بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شێخ نەعیم قاسم لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی شەهید ئیبراهیم عەقیل لە زاحیەی باشوری بەیروت بە شرۆڤەکردنی ڕۆڵی ئەم شەهیدە گەورەیە لە خەباتی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی، وتی کە شەهید ئیبراهیم عەقیل، شەهیدی قودس و فەڵەستینە.
ناوبراو وتی: شەهید حاجی ئیبراهیم ئەگەرچی بە جەستە لە ناو ئێمەدا نەماوە بەڵام ڕۆح و بەرهەم و خزمەتەکانی ماونەتەوە و تێکۆشەرانی حزبوڵڵا بە دڵنیاییەوە درێژەپێدەری ڕێبازەکەی دەبن.
شێخ نەعیم قاسم وتی: شەهید ئیبراهیم عەقیل فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، دامەزرێنەری یەکەی ڕزوان، فەرماندەی یەکەی ڕزوان لە ساڵی 2008 ەوە و جێگری جیهادیی سەید حەسەن نەسروڵڵا لە ئۆپەراسیۆنەکاندا بوو.
ناوبراو وتی: ئەو شەهیدانەی کە لە ساڵیادی لەدایکبوونی پێغەمبەری گەورەی ئیسلامدا گیانیان بەخت کرد، یەکڕیزی ئیسلامییان پتەو کرد.
جێگری ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان وتی: ڕژێمی زایۆنیستی لە تاوانی تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیجەر هەوڵی کوشتنی 5 هەزار کەسیدا بەڵام بەو ئامانجەی نەگەیشت.
وتیشی کە ئەمریکا هاوبەشی سەرەکی تەواوی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستییە لە سەرەتاوە تا کۆتایی ئەو تاوانانە.
شێخ نەعیم قاسم وتی: ئێمە لە حیزبێکی خوداییداین و وەک شاخەکان لە سەر پێی خۆمان دەمێنینەوە.
ناوبراو بەرامبەر بە زایۆنیستەکان وتی: ئابورییەکەتان لە ناو دەچێت و بە هیچ ئامانجێک ناگەن.
جێگری ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان وتی: زایۆنیستەکانی دانیشتووی ناوچەکانی باکوری فەڵەستینی داگیرکراو نەک تەنیا ناگەڕێنەوە، بەڵکوو ئاوارەیی ئەوان زیاتر بووە، دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی کێشە و گرفتەکانی ئەوانی زیاتر کردووە.
شێخ نەعیم قاسم وتی: شێوازی وەڵامدانەوەی ڕژێمی زایۆنیستی دیاری ناکەین و چووینەتە قۆناغێک کە قۆناغی یەکلاکەرەوەیە لە ڕوبەڕوبونەوەی دوژمنی زایۆنیستی.
ڕاشیگەیاند کە پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین تا ڕاگرتنی دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ شەڕی غەززە بەردەوام دەبێت و خۆڕاگری بۆ تەواوی سیناریۆکان ئامادەیە./.