بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن عەلاوی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە حکومەت کاردەکات بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی غاز بە ڕێژەی ٦٩٪ بۆ ٧٥٪، بۆ ئەوەی عێراق لە نێو پێنج وڵاتی بەرهەمهێنەری غازدا بێت لە جیهاندا.
وەزارەتی نەوتی عێراق پێشتر رایگەیاند کە چیتر غاز و نەوتی سپی هاوردە ناکرێت و هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ ئەوەی بگەنە ئاستی خۆبژێوی لە بەرهەمی غاز تا کۆتایی ساڵی داهاتوو.
هاوکات، باسم محەمەد بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق لە میانەی وتارێکدا لە دووەمین کۆنفرانسی نەوت و غاز ئاماژەی بەوە کرد کە وەزارەتەکەیان دەستکەوتێکی گەورەی بەدەستهێناوە لە بەرهەمهێنان لەو غازەی کە لە کێڵگەکاندا بەفیڕۆ دەچێت، بە جۆریک ڕێژەی بەرهەمهێنانیان لەو غازە بەفیڕۆچووە لە ٤٨٪ـەوە بۆ ٦٥٪ بەرز کردووەتەوە.
ئەوەشی خستە ڕوو کە بڕی ئەو غازەی لە عێراقدا ڕۆژانە بەرهەم دەهێندرێت، زیاترە لە سێ ملیار پێی سێجا، لەو بڕەش، نزیکەی دوو هەزار پێ سێجا لە غازی سرووشتی، وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت.
باسی لەوەش کرد کە ئامانجی سەرەکی حکومەتی عێراق لە ئێستادا گەیشتنە بە ئاستی خۆبژێویی، بەشێک لەو پڕۆژانەش کە ٢٩ پڕۆژەن و پەیوەستن بە وەبەرهێنان لە عێراقدا و لە کۆڕبەندی پێنجەم و شەشەمدا مۆڵەتیان پێدرا، لە ئێستادا دەستیان بە کارەکانیان کردووە.
پێشتریش ئاماژەی بەوە کردبوو کە ١٤ پڕۆژەیان لە ئێستادا ئامادەن بچنە بواری جێبەجێکردنەوە و تەنیا چاوەڕوانی ڕەزامەندی محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقن.
ئەو هەوڵانەی حکومەتی عێراق لە کاتێکدایە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە لە ئێستادا ئەم وڵاتە نەگەیشتووەتە قۆناغی ئابوریی نانەوتی بۆیە هێشتا پشت بە سەرچاوە کانزاییەکان دەبەستێت و ئەوەش وادەکات پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان گرنگییەکی تەواوی بۆ ئابوریی عێراق هەبێت./.