ئەحمەد لەتیف وتەبێژی هێزەکانی حەفتا لە وتوویژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی: ئێمە پەیوەندییەكی باشمان هەیە لە گەڵ سوپای عێراق و لە ئێستادا كە محەممەد حەلبوسی ڕەخنەی ئەوە لە سوپای عێراق دەگرێت كە نابێت چەك بە پێشمەرگە بدرێت، ئەو تەنیا كەسێكە بۆ خۆی وایوتووە و حکومەتی بەغدا مامەڵە لە گەڵ پێشمەرگە دەكات.
ناوبراو وتی: لە ئێستادا هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لیوایەكی هاوبەشمان درووستكردووە كە لە نیوەی عەرەب و نیوەی كورد پێكهاتووە بۆ ئەو ناوچانە و بڕیاریشە لیوایەكی دیكە درووست بكرێت.
ئەحمەد لەتیف وتی: خاڵێكی گرنگ لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە هەیە ئەویش ئەوەیە كە لە نێوانماندا گۆڕینەوەی زانیاری و سەردان هەبێت، لە لایەك ئەوان سەردانی پێشمەرگەیان كردووە و هەم ئێمەش سەردانی ئەوان دەكەین و بەردەوام دەبین لە كێوماڵكردن و نەهێشتنی پاشماوەكانی داعش.
وتەبێژی هێزەکانی حەفتا وتی: هێزی پێشمەرگە بە پێی دەستوور، بەشێكە لە سیستەمی بەرگریی عێراق و تەواوی لایەنەكانی عێراقیش ئەو ڕاستییە دەزانن و كاتێكیش محەممەد حەلبوسی داوای ڕاگرتنی چەك دەكات بۆ پێشمەرگە، واتە پێشێلی دەستوور دەكات./.