بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری نیۆیۆرک لە گەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی: ڕژێمی زایۆنیستی لە هەمان ڕۆژی یەکەمی دەستبەکاربوونم وەک سەرۆک کۆمار، شەهید ئیسماعیل هەنیەی لە تاران تیرۆر کرد لە کاتێکدا کە ئێمە بۆ ڕێگری لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان دانمان بە خۆماندا گرت.
ناوبراو وتی: زایۆنیستەکان پاش شەهیدکردنی زیاتر لە 41 هەزار کەس لە غەززە، لە ئێستادا هێرشیان کردووەتە سەر لوبنان و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکیان شەهید کردووە و ئێمە بە جیدی نیگەرانی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەین.
لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی کە نابێت موڵەتی ئەوە بدەین لوبنان ببێتە غەززەی دووەم./.