بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نوێژی هەینی تاران بە ئامادەبوونی ملیۆنیی خەڵک و بە وتاری حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەڕێوەچوو.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی بە ئاماژە بە پیلانی دوژمنانی ئیسلام، وتیان: سیاسەتی دوژمنان لە جیهانی ئیسلامدا بەردەوام ناکۆکی خستنە نێوان وڵاتانی ئیسلامی و موسڵمانان بووە، ئەوان لە ڕێگای ناکۆکی خستنە نێو وڵاتانی ئیسلامی و موسڵمانانەوە هەوڵیانداوە بە سەر جیهانی ئیسلامدا زاڵ بن بەڵام ئەمڕۆ گەلانی ئیسلامی بە وریاییەوە هەڵسووکەوت دەکەن و من دەڵێم کە ئەمڕۆ ڕۆژێکە کە نەتەوەی ئیسلامی دەتوانێت بە سەر ئەم پیلانگێڕییەی دوژمناندا سەرکەوتن بە دەست بێنێت.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان: دوژمنی گەلی ئێران هەمان دوژمنی گەلی فەڵەستین، عێراق، لوبنان، میسر، سوریا و یەمەنە. دوژمن یەکێکە و تەنیا شێوازەکانی لە وڵاتاندا جیاوازە، لە وڵاتێکدا بە شەڕی دەروونی، لە وڵاتێکدا بە گوشار و گەمارۆی ئابوری، لە وڵاتێکدا بە بۆمبی دوو تەنی، لە وڵاتێکدا بە پێکەنین ئەم سیاسەتە بەرەوپێش دەبەن بەڵام ژووری کۆنتڕۆڵ یەکێکە و لە یەک شوێن فەرمان وەردەگرن و فەرمانی هێرشکردنە سەر موسڵمانان وەردەگرن.
بەڕێزیان وتیان: ئەگەر ئەم سیاسەتە لە یەک وڵاتدا سەرکەوتنی بە دەست هێنا، واتە بووە هۆی زاڵبوون بە سەر ئەو وڵاتەدا، کاتێک سەبارەت بە وڵاتێک ئاسوودە بن، پیلانەکەیان دەبەنە وڵاتێکی دیکە، گەلان دەبێت ڕێگری لەم پیلانانە بکەن.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان: هەر گەلێک بیەوێت تووشی گەمارۆی ئیفلیجکەری دوژمن نەبێت، دەبێت سەرەتا چاوی کراوە بێت و لە پیلانگێڕییەکان ئاگادار بێت و کاتێک ئەوە دەبینێت کە دوژمن دەچێتە وڵاتێک، خۆی لە گەڵ ئەو وڵاتە و گەلە بە هاوبەش بزانێت و یارمەتیدەری بێت تا پیلانەکەی دوژمن سەرنەگرێت.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان: ڕێساکانی بەرگری ئیسلام ئەرکی ئێمەی دیاریکردووە، چ لە پەیڕەوی ناوخۆی ئیسلام و چ لە دەستوور و هەم لە یاسا نێودەوڵەتییەکان کە ئێمە لە نووسینیدا هیچ کاریگەرییەکمان نەبووە، بەڵام تێیدا هاتووە کە هەموو گەلێک دەبێت بەرگری لە خەڵک و ناو و بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات لە بەرامبەر هەر دەسدرێژییەک.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان: گەلی فەڵەستین دەبێت چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن و هیچ دادگا و ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی مافی ئەوەی نییە لە بەرامبەر گەلی فەڵەستین ناڕەزایەتی دەرببڕێت کە بۆ لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی سنگی خۆیان کردووەتە قەڵغان، هەروەها نابێت هیچ ناڕەزایەتییەک لە بەرامبەر ئەو کەسانەی هەبێت کە یارمەتیدەری گەلانی فەڵەستین و لوبنانن.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان: زریانی ئەقسا کە لە ساڵی ڕابردوو جێبەجێ کرا، هەنگاوێکی درووست، لۆژیکی و یاسایی و مافێکی ڕەوای فەڵەستینییەکان بوو.
بەڕێزیان وتیان: بەرگری قارەمانانەی لوبنانییەکان لە گەلی فەڵەستین لە چوارچێوەی ئەم مافە ڕەوا و یاساییەدایە. هەنگاوە درەوشاوەکەی هێزە چەکدارەکانی ئێمەش کە کەمترین سزادانی ڕژێمی زایۆنیستی و تاوانەکانی بووە، بۆ هەمان مافی ڕەوای بەرگری لە فەڵەستین دەگەڕێتەوە.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان: کۆماری ئیسلامی ئێران هەر ئەرکێکی لەم بوارەدا هەبێت، بەهێزەوە جێبەجێی دەکات، ئێمە لە جێبەجێکردنی ئەرکی خۆماندا نە پەلە دەکەین و نە دوای دەخەین.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران سەبارەت بە تیرۆری شەهید سەید حەسەن نەسروڵڵا لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە، وتیان: بە پێویستم زانی ڕێزلێنان لە برای و ئازیز و جێی شانازیم، سەید حەسەن نەسروڵڵا، لە نوێژی هەینی تاران بێت، هەموومان بۆ لەدەستدانی سەیدی ئازیز، تازیەبارین، ئەمە خەسارێکی گەورەیە و بە جیدی ئێمەی تازیەبار کردووە، تازیەباری بە مانای بێهیوایی نییە، وەک تازیەباری بۆ حەزرەتی ئیمام حوسێنە کە زیندووکەرەوەیە و هیوا و ئیرادەمان بەهێز دەکات.
بەڕێزیان وتیان: سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەگەر بە جەستە لە نێو ئێمەدا نەبێت، کەسایەتی ڕاستەقینەی، ڕۆحی، ڕێبازەکەی و دەنگەکەی لە نێوانماندا دەمێنێتەوە. سەید حەسەن نەسروڵڵا ئاڵاهەڵگری بەرزی خۆڕاگری بوو لە بەرامبەر بە ستەمکار و تاڵانچییەکان، زمانێکی قسەخۆش و بەرگریکارێکی ئازا بوو لە بەرامبەر ستەمکاران، جێگای هیوای تێکۆشەران و مافخوازان بوو، جەماوەر و کاریگەریی وڵاتانی لوبنان و ئێران و وڵاتانی عەرەبیی تێپەڕاندبوو و ئێستاش شەهیدبوونی ئەم کاریگەرییەی زیاتر کردووە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان: ڕژێمی زایۆنیستی بە ئەستەم و سەرەڕای هاوکارییەکانی ئەمریکا خۆیی هێشتووەتەوە و ئەمەش زۆر نابات، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە یەک ساڵە بە هەموو هاوکارییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە نەیتوانیوە بە هیچ ئامانجێکی بگات.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان: ئەم دەسەڵاتە ناپاکە، بێ ڕەگ و ڕیشە و ناسەقامگیرە و بە زۆر و پشتیوانی ئەمریکا خۆیی ڕاگرتووە و ئەمەش زۆر ناخایەنێت، لە ناو زایۆنیستەکاندا ئەمە بووەتە ڕاستییەک کە هیچ کات ناتوانن لە بەرامبەر حەماس و حزبوڵڵادا سەرکەوتن بە دەست بێنن./.