بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە وەڵامی تیرۆرکردنی شەهید ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لە تاران و هەروەها تیرۆری شەهید سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی پێشووی حزبوڵڵای لوبنان و شەهید عەباس نیلفرۆشان فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە لوبنان، کۆماری ئیسلامی ئێران بە هێرشێکی مووشەکیی ئاست بەرز وەڵامی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستیی دایەوە. لەو هێرشەدا چەندین بنکە و بارەگای سەربازی و هەواڵگریی هەرەپارێزراوی زایۆنیستەکان کرانە ئامانج.
ڕۆژنامەی گاردیەن لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە ئەگەرچی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئێران ئامادە دەبێت بەڵام شرۆڤەکاران لەو بڕوایەدان کە بە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستی لە شەڕێکی درێژخایەنی مووشەکی، ڕەنگە لێکدانەوەکانی تەل ئەبیب بۆ وەڵامدانەوەی تاران تووشی گۆڕانکاری ببێت.
ئەو ڕۆژنامە بەریتانییە بە ئاماژە بە لاوازی ڕژێمی زایۆنیستی و سەرەڕای ئەوەی کە بۆ سیستەمی بەرگری گومەزەی ئاسنین بانگەشە دەکرا، وێنەی مانگە دەستکردەکان و ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە، پیشان دەدات کە مووشەکەکان یەک لە دوای یەک بەر بنکەی ئاسمانی نواتیم کەوتووە و چەندین تەقینەوەشی بە دواوە بووە، ئەگەرچی سیستەمەکانی بەرگری وەڵامیان هەبووە بەڵام هێرشە مووشەکییەکەی ئێران کاریگەرتر و باشتر بووە.
ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندووە کە ئێران ئەوەی سەلماندووە ئەگەر بیەوێت دەتوانێت لێدانی گەورەتر و کاریگەرتری هەبێت و بنکە سەربازییە ئاسمانییەکان دەتوانن ئامانجێکی قورستر بن، هەروەها دەتوانێت بنکە سەربازییەکانی دیکەش بکاتە ئامانج./.