بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عێراق لە هەفتەی ڕابردوودا ڕۆژانە 152 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمریکا کردووە.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی وزەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئەو وڵاتە هەفتەی ڕابردوو 5 ملیۆن و 744 هەزار بەرمیل نەوتی لە 10 وڵات هاوردە کردووە.
پشکی عێراق هەناردەی ڕۆژانەی 152 هەزار بەرمیل نەوت بۆ ئەمریکا بووە.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی وزەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە زیاترین هاوردەی نەوت لە هەفتەی ڕابردوودا لە وڵاتی کەنەدا بە 3 ملیۆن و 799 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بووە و وڵاتانی مەکزیک بە 448 هەزار بەرمیل، کۆڵۆمبیا بە 347 هەزار بەرمیل و ڤەنزوێلا بە 297 هەزار بەرمیل لە پلەکانی دواترەوە بوون.
ئەمریکا هەروەها لە هەفتەی ڕابردوودا ڕۆژانە 253 هەزار بەرمیل نەوتی لە ئیکوادۆر، 186 هەزار بەرمیل لە برازیل، 145 هەزار بەرمیل لە سعوودیە، 84 هەزار بەرمیل لە نایجڕیا و 77 هەزار بەرمیلیشی لە لیبیا هاوردە کردووە.
ئەمریکا گەورەترین بەکارهێنەری نەوتە و ڕێژەی بەکارهێنانی ڕۆژانەی 19 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلە کە دەکاتە لە سەدا 19.7 ی ڕێژەی بەکارهێنانی جیهانی و لەم ڕووەوە پلەی یەکەمی هەیە./.