بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی لە کۆنفرانسی ” زریانی ئەقسا، دەستپێکی نەسروڵڵا ” کە لە تاران بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە باڵیۆز و نوێنەری وڵاتانی بیانی بەڕێوەچوو، وتی: وەک چۆن ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان، زریانی ئەقسا بۆ یەکەم جار شکستێکی قورسی بە سەر ڕژێمی زایۆنیستیدا سەپاندووە کە بە تێپەڕبوونی کات ئاسەوارەکانی ئەو شکستە دەردەکەوێت و باشترین پێناسەش ئەوەیە کە ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان ڕژێمی زایۆنیستی بە زریانی ئەقسا بۆ 70 ساڵ پێش گەڕاوەتەوە.
ناوبراو وتی: ئەمڕۆ فەڵەستین بووەتە پرسێکی جیهانی و بەرەی خۆڕاگری بەهێز بووە و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش درێژە بە پشتیوانیکردنی دەدات.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئێمە پشتیوانی خۆڕاگری بووین و دەمێنینەوە و ڕێگای خۆڕاگری ئەگەرچی قوربانیی هەبووە بەڵام بەهێزتر لە جاران درێژە بەم ڕێگایە دەدەین.
سەید عەباس عێراقچی وتی: ئامۆژگاری ڕژێمی زایۆنیستی دەکەین کە ئیرادەی ئێران تاقینەکاتەوە، ئەگەر هێرشێک بکرێتە سەر ئێران، وەڵامی ئێمە بەهێزتر لە جاران دەبێت، هەر هێرشێکی سەر دامەزراوە ژێرخانییەکانیش وەڵامێکی توندی بە دواوە دەبێت، دوژمنان دەزانن چ ئامانجێک لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین لە بەردەستی ئێمەدایە و هێز و کاریگەری مووشەکەکانی ئێمەیان بینیوە./.