بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەراوێزی بەشداریی لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ” پەیوەندی بەرامبەری زمان و شارستانییەتەکان – بنەمای ئاشتی و گەشەپێدان ” کە بە بۆنەی 300 ساڵەیی لەدایکبوونی مەختومقلی فەراغی شاعیری بەناوبانگی تورکمان لە وڵاتی تورکمانستان بەڕێوەچوو، لە گەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا کۆبووە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لەو کۆبوونەوەدا وتی کە پەیوەندییەکانی تاران و مۆسکۆ ستراتیژییە.
پزیشکیان وتی: لە ڕووی ئابوری و کەلتورییەوە پەیوەندییەکانی ئێمە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پتەوتر و بەهێزتر دەبێت. بە پێی ئیرادەی سیاسی بەرپرسانی باڵای هەر دوو وڵات، ئەم پەیوەندییانە دەبێت زیاتر بەرەوپێش ببرێت.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە ئێران و ڕووسیا دەفرایەتییەکی زۆریان بۆ هاوکاری هاوبەش هەیە، وتی: هەڵوێستی ئێمە لە جیهاندا زیاتر لە لایەنەکانی دیکە پێکەوە نزیکە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران هیوای خواست کە ڕێکەوتنی ستراتیژی نێوان تاران و مۆسکۆ لە داهاتوویەکی نزیکدا واژۆ بکرێت و بە ئاماژە بە دۆخی ئێستای ناوچەکە وتی: ڕژێمی زایۆنیستی هیچ چوارچێوەیەکی یاسایی و مرۆیی نێودەوڵەتی ڕەچاو ناکات و هەلومەرجی ناوچەکە قەیراناوییە، وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکا نایانەوێت پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە لە کەشێکی ئارامدا بەردەوام بێت.
لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیاش وتی: ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ڕووسیا و ئێران لەمساڵ گەشەی بەرچاوی هەبووە.
ناوبراو وتی: مۆسکۆ و تاران لە بواری نێودەوڵەتیدا چالاکانە پێکەوە هاوکارییان هەیە و لە زۆربەی ڕووداوە جیهانییەکاندا بۆچوونێکی نزیکیان هەیە./.