بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئامارەکانی دەستەی گومرکی چین باس لەوە دەکات کە بەهای هەناردەی ڕاستەوخۆی ئەو وڵاتە بۆ عێراق لە 9 مانگی ڕابردوودا گەیشتووەتە 11 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار کە لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو 10 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار بووە.
بەرزبوونەوەی هەناردەی چین بۆ عێراق لە سەدا 16 کەرەستە کارەباییەکانی وەک فێنککەرەوە و لە سەدا 33 کەرەستە ئەلیکترۆنییەکانی وەک مۆبایل بووە.
هەروەها لە 9 مانگی ڕابردوودا هەناردەی ئۆتۆمبێلی چینی بۆ عێراق لە سەدا 44، هەناردەی جلوبەرگ لە سەدا 16 و هەناردەی مادەی ئاسنی لە سەدا 25 بەرزبوونەوەی هەبووە.
لە لایەکی دیکەوە هەناردەی کەرەستەی یاریکردنی منداڵان بۆ عێراق لە سەرەتای ساڵی 2024 تا کۆتایی مانگی ئەیلول لە سەدا 15 و هەناردەی کەرەستەی بیناسازی لە سەدا 10 دابەزینی هەبووە.
دەستەی گومرکی چین چاوەڕوان دەکات کە بەهای هەناردەی ئەم وڵاتە بۆ عێراق تا کۆتایی ئەمساڵ بگاتە نزیکەی 16 ملیار دۆلار.
لە لایەکی دیکەوە بەهای هەناردەی کاڵا لە عێراقەوە لەم 9 مانگەدا گەیشتە 29 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی 2023 لە سەدا 11.7 بەرزبوونەوەی هەبووە.
بەم پێیەش ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی عێراق و چین لە ماوەی 9 مانگی ڕابردووی ئەمساڵ گەیشتە 41 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو کە 37 ملیار دۆلار بووە، لە سەدا 12 بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە./.