بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەبدولمەلک بەدرەدین حوسی سەرۆکی ئەنساروڵڵای یەمەن، هاوخەمی خۆیی بە بۆنەی شەهیدبوونی سەید هاشم سەفیەدین سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری حزبوڵڵای لوبنان دەربڕی و وتی: یەکێک لە ئامانجەکانی دوژمنی زایۆنیستی بۆ شەهیدکردنی سەرکردەکانی خۆڕاگری، تێکشکانی ورەی موسڵمانان و تێکۆشەرانی خەباتی دژ بەو ڕژێمەیە.
ناوبراو وتی: دوژمنی زایۆنیستی لە وانە مێژووییەکان تێناگات و هەر ئەمەش وایکردووە کە تاوان و دەسدرێژی و هێرشەکانی لە دژی سەرکردەکانی خۆڕاگری بەردەوام بێت.
سەرۆکی ئەنساروڵڵا وتی: لە کاتی دامەزراندنی ڕژێمی ساختەی زایۆنیستی، نەبینراوە کە لە فەڵەستیندا شەڕێکی یەک ساڵە هەبێت و بەرەی غەززە سەرەڕای ئەو هەموو کێشە و کەموکوڕییانە، زیاتر لە یەک ساڵە کە خۆڕاگرانە و یەکگرتوو ماوەتەوە.
سەید عەبدولمەلک حوسی وتی: دەسکەوتی یەک ساڵەی شەڕی دژ بە غەززە بۆ داگیرکاران تەنیا کوشتاری ژنان و منداڵان و کۆمەڵکوژی لەم ناوچەیە بووە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە دوژمنی زایۆنیستی لە سەرجەم ئاستە سەربازییەکاندا لە غەززە و لوبنان شکستی هێناوە.
سەرۆکی ئەنساروڵڵا وتی: ئەمریکا سەرجەم کۆگاکانی چەکی خۆیی خستووەتە خزمەت ڕژێمی زایۆنیستییەوە و ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیاش بە هەمان شێوە هاوکاری ئەو ڕژێمەیان کردووە.
سەید عەبدولمەلک بەدرەدین حوسی وتی: پرۆژەی ڕژێمی زایۆنیستی زاڵبوونە بە سەر تەواوی وڵاتانی عەرەبی لە پێناو دامەزراندنی ئیسرائیلی گەورە و عەرەبەکان زیاتر لە بەردەم مەترسییەکانی ئەم پرۆژەیەدان بەڵام بێدەنگییان هەڵبژاردووە.
ڕاشیگەیاند کە ئەوەی پرۆژەی زایۆنیستەکانی ڕوبەڕوی شکست کردووەتەوە، بەرەی خۆڕاگرییە و ئەگەر دوژمنی زایۆنیستی بتوانێت بە سەر خەباتگێڕانی فەڵەستینی و بەرەکانی دیکەی خۆڕاگریدا زاڵ بێت، پیلانەکەی دەباتە وڵاتانی دیکەی عەرەبی./.