بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی لەو نامەیەدا ڕایگەیاندووە کە نامەکە بۆ ئاگاداربوونەوەی ئێوە و ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە لە دەسدرێژی و کردەوە نایاساییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، ئەو کردەوانەی کە پێشێلکردنی جیدی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی کۆماری ئیسلامی ئێران و لادانی ئاشکرایە لە مافی نێودەوڵەتی و جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان. لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە 26 ی تشرینی یەکەمی 2024، ڕژێمی تیرۆریستیی زایۆنیستی کۆمەڵە هێرشێکی ئاسمانیی کردە سەر چەندین بنکەی سەربازی لە پارێزگاکانی تاران، خوزستان و ئیلام. سەرەڕای ئەوەی کە سیستەمی بەرگری ئاسمانیی ئێران بەشێکی زۆری مووشەکەکانی تێکشکاند، چوار ئەفسەری سەربازی بە ناوەکانی حەمزە جەهاندیدە، محەممەد مەهدی شاهڕوخی، سەجاد مەنسوری و مەهدی نەقەوی لە کاتێکدا شەهید کران کە بە بوێرییەوە گیانی خۆیان کردە قوربانیی بەرگری و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەیان. ئەگەر بەرگری کەم وێنەی سیستەمی بەرگری ئاسمانیی ئێران نەدەبوو، دەیتوانی زیانەکان زیاتر ببێت.
عێراقچی ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە توندی ئیدانەی ئەم دەسدرێژییەی رژێمی زایۆنیستی دەکات. هێرشە نایاساییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، بنەما سەرەکییەکانی مافی نێودەوڵەتی و جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە تایبەت مادەی 2 و بڕگەی 4 پێشێلکردووە کە بە ڕوونی بەکارهێنانی زۆر لە دژی دەسەڵات و یەکپارچەیی خاکی هەر وڵاتێک قەدەغە دەکات. کردەوەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بە هەڕەشەیەکی جیدی لە سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دادەنرێت و ناسەقامگیری و ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا زیاتر دەکات.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختیکردووەتەوە کە تاران لە پێناو بنەماکانی جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، مافی وەڵامدانەوەی ئەم هێرشانە لە کاتێکی گونجاودا بە پارێزراو دەزانێت.
عێراقچی لە نامەکەدا ڕایگەیاندووە کە بە پێی ئاکام و لێکەوتەکانی هەڕەشە و هێرشە ڕێکخراوەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، کۆماری ئیسلامی ئێران داوا لە ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات کە هەڵوێستێکی بەهێزیان هەبێت و ئەم هێرش و دەسدرێژییە نایاساییە ئیدانە بکەن و بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پیشان بدەن کە وەها پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافی نێودەوڵەتی و جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بێ وەڵام نابێت. بەدەر لەمەش، کۆماری ئیسلامی ئێران داوا لە سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات بۆ تاوتوێکردنی ئەم پێشێلکاری و کردەوە نایاساییە، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ساز بکرێت./.