بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیسماعیل بەقایی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی کە یەکێک لە ڕووداوە گرنگەکانی هەفتەی ڕابردوو خەباتی بوێرانەی بەرگری ئاسمانی ئێران لە بەرامبەر دەسدرێژی ڕژێمی زایۆنیستی بوو و بە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی وڵاتەکەماندا دادەنرێت.
ناوبراو سەبارەت بە کاردانەوەی وڵاتانی ناوچەکە لە بەرامبەر دەسدرێژییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: ئەو کاردانەوەیە کە بەرامبەر بە دەسدرێژییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی بینرا و ئیدانەکردنی لە لایەن زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەوە، هەر ئەوە چاوەڕوان دەکرا و دەبێت هەر وڵاتێک نیگەرانیی سەبارەت بە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی هەیە لە بەرامبەر ئەم دەسدرێژییە کاردانەوەی هەبێت. وڵاتانی ناوچەکە بەو ڕاستییە گەیشتوون کە بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و ڕێگری لە پەرەسەندنی شەڕ، ئەرک و بەرپرسیارێتی هەمووی ئەوانە.
بەقایی وتی: جۆری کاردانەوە و ئیدانەکردنەکان پیشاندەری کۆدەنگی ناوچەیی و تەنانەت نێودەوڵەتییە و هەمووان بەو ئەنجامە گەیشتوون کە کێشەی سەرەکی بەردەوامی دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و ڕیشەی ئاڵۆزییەکانیش داگیرکاری 80 ساڵەی ئەو ڕژێمەیە لە فەڵەستین و سەرجەم وڵاتان نیگەرانی پەرەسەندنی شەڕن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی کە ئایا وەڵامی تاران سەربازی یان دیپلۆماسی دەبێت؟ وتی: لە بواری دیپلۆماسیدا پەیامەکان بەردەوام ئاڵوگۆڕ دەکرێن بەڵام بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە کە ئێران لە مافی خۆی بۆ وەڵامدانەوەی دەسدرێژییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی چاوپۆشی ناکات. هەڵوێستی ئێمە ڕوونە و لە سەرجەم ئامرازەکانی بەردەست بۆ وەڵامدانەوەی بەهێز و کاریگەر کەڵک وەردەگرین و وەڵامدانەوەکە پەیوەستە بە جۆری هێرشەکەوە./.