هەروەها ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر ئامانجەکانی یەمەن، تەنانەت بە فڕۆکەی بۆمبهاوێژی قورسی B-2 مەودای دوور .شەڕ لە گەڵ یەمەن هاوشێوەی ئاڵوگۆڕی تەقە لە گەڵ ئێران، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی ئیسرائیل بۆ سەرکوتکردنی فەڵەستینییەکان و کۆمەڵکوژییەکانی کەرتی غەززە، دوابەدوای هێرشی حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووی حەماسە.
یەکێک لە نموونەکانی دوایی بەرفراوانبوونی تێوەگلانی ئەمریکا لە شەڕەکانی ئیسرائیلدا، جێگیرکردنی سیستەمی بەرگری مووشەکی THAAD بووە بۆ ئیسرائیل، لە گەڵ نزیکەی 100 فەرمانبەری سەربازی ئەمریکی بۆ بەڕێوەبردنی. ئەم بڵاوەپێکردنانە نەک هەر ئەمریکییەکان دەخاتە مەترسییەکی زیاترەوە، بەڵکو هانی نتانیاهۆ دەدەن کە شەڕەکانی زیاتر پەرەپێبدات، چونکە کاریگەری تۆڵەسەندنەوە بەرامبەر بەو هێرشانەی ئیسرائیل کەمدەکاتەوە.
بە هۆی ئەوەی هیچ کۆتایییەک بۆ پەرەسەندنی ململانێکانی ئیسرائیل لەئارادا نییە و ئەم پەرەسەندنە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا سەنتەری هێرشەکەی ئیسرائیل بوو بۆ سەر لوبنان کە بەشێک لە ئازارەکانی کەرتی غەززەی لەوێ دووبارە کردەوە، پێویستە ئەمریکییەکان بیر لەوە بکەنەوە کە ئەمریکا لە شەڕی پێشووی ئیسرائیلدا چۆن مامەڵەی کردووە و ئەو ئەنجامە دڵتەزێنەی کە ٤١ ساڵ لەمەوبەر ڕوویدا، وەبیربێننەوە.
ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٨٢دا هێرشی کردە سەر لوبنان و دەستی بە داگیرکارییەک کرد کە تا ساڵی ٢٠٠٠ بە تەواوی کۆتایی نەهات. ئەو هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان هاوشێوەی هێرشی ئێستا پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە هەمان سیاسەتی ئیسرائیلەوە هەبوو کە لێدان و سەرکوتکردنی فەڵەستینییەکان بوو. ئامانجی سەرەکی ئیسرائیل لە ساڵی 1982 لەناوبردنی تواناکانی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین (ساف) بوو کە لەو سەردەمەدا لە لوبنان دامەزرابوو، هەروەها دەرکردنی ساف لە سوریا. هەروەها ئیسرائیل هەوڵی دەدا هاوسەنگی هێز لە ناوخۆی لوبناندا بگۆڕێت کە پێشتر لە شەڕی ناوخۆدا تێوەگلابوو، بۆ بەرژەوەندی هێزەکانی لایەنگری ئیسرائیل.
لەشکرکێشی و داگیرکردنی لوبنان لە لایەن ئیسرائیلەوە ئازارەکانی لوبنانییەکان و هەروەها پەنابەرانی فەڵەستینی لەوێ بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کرد. یەکێک لە ساتە ترسناکەکانی ئەم شەڕە، کۆمەڵکوژی کەمپی پەنابەرانی سەبرا و شەتیلا بوو لە مانگی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٢. میلیشیاکانی فاڵانج نزیکەی سێ هەزار هاوڵاتی مەدەنییان کۆمەڵکوژ کرد، هاوپەیمانی فاڵانجەکان کە سوپای ئیسرائیل بوو، ئاگری توندیان دەتەقاند بۆ ئەوەی بەدرێژایی شەو بەردەوام بن لە کوشتنەکان.
چەند هەفتەیەک پێشتر ئیدارەی ڕەیگان ڕەزامەندی دەربڕیبوو لە سەر بڵاوەپێکردنی هێزەکانی دەریایی خۆی، لە گەڵ هێزە سەربازییە بچووکەکانی فەرەنسا، بەریتانیا و ئیتالیا، وەک بەشێک لە هێزێکی فرەنەتەوەیی لە لوبنان. لانیکەم لە ڕووکەشدا، جێگیرکردنەکە ئەرکێکی ئاشتیپارێزی بەرزی هەبوو کە ئامانجی کەمکردنەوەی توندوتیژی بوو لە لوبنان. بەڵام چاودێرانی لوبنانی و چاودێرانی دیکە هۆکارێکیان هەبوو بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوەی ئەمریکا بە بەرژەوەندی ئیسرائیل و ئەو هێزە سیاسییە ناوخۆییانە ببینن کە پشتیوانیان دەکات.
جگە لە پاشخانی پەیوەندییە گشتییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، گرنگترین دەستکەوتی ئەو هێزە فرەنەتەوەییە، ئاسانکاری بوو بۆ کشانەوەی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستین لە لوبنان، کە بەشێک بوو لە ئامانجەکانی ئیسرائیل لە داگیرکردنی لوبنان.
جگە لەوەش، وەکوو جێگیرکردنی سەربازی دیکەی ئەمریکا لە ناوچە مەترسیدارەکاندا، لۆژیکی کوشندەی پاراستنی سەربازەکان هاتە گۆڕەپانەکەوە و ئەرکی ئاشتیپارێزی بوو بە ئۆپەراسیۆنێکی هێرشبەری. ڕیگان ڕێگەی بە “بەرگریکردن چالاکانە لە خۆ” دا لە دژی هێزەکانی دوژمن کە مەترسییان لە سەر هێزی دەریایی درووست دەکرد، بەڵام ئەم هێزانەی دوژمن هەمان ئەو هێزانە بوون کە دوژمنایەتی ئیسرائیل و هاوپەیمانە میلیشیا لوبنانییەکانی دەکرد.
شەڕی ئەمریکا لە سەر وشکانی بە تەقەی دەریایی پاڵپشتی کرا، کە دواتر گوللەی ١٦ ئینج لە کەشتی جەنگی نیوجرسی بۆ ئامانجەکانی شاخەکانی نزیک بەیروتی لەخۆگرتبوو.
هەموو ئەمانە جگە لە ڕق و کینەی ئاسایی توخمە ناوخۆییەکان بۆ هەر ئامادەبوونێکی سەربازیی بیانی، کە لە کات و شوێنی دیکەدا کاردانەوەی توندوتیژی لێکەوتبووەوە، لەوانەش تیرۆری خۆکوژی.
کوشندەترین وەڵام بۆ ئەو کارەی ئەمریکا لە لوبنان دەیکرد، لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٣دا بوو، کاتێک خۆکوژێک بارهەڵگرێکی پڕ لە تەقەمەنی لێخوڕی و کەوتە ناو باڵەخانەیەکی فڕۆکەخانەی بەیروتەوە کە هێزەکانی مارێنز وەک سەربازگە بەکاریان دەهێنا. تەقینەوەی بارهەڵگر بۆمبڕێژکراوەکە بووە هۆی کوژرانی 220 هێزی مارێنز و 21 سەربازی دیکەی ئەمەریکا. کوشندەترین ڕۆژ بوو بۆ هێزی دەریایی ئەمریکا لە دوای شەڕی ئیو جیما لە شەڕی جیهانی دووەم و زۆرترین قوربانیی تاکە ڕۆژ بوو بۆ تەواوی سوپای ئەمریکا لە دوای یەکەم ڕۆژی هێرشی تێت لە ڤێتنام لە ساڵی ١٩٦٨.
هۆکارێکی ڕەوایە کە ئەم تێچووە قورسە بە بەتاڵی دراوە. ئەمریکا کشایەوە و دوای چەند مانگێک ئەو هێزە فرەنەتەوەییە هەڵوەشایەوە، لە کاتێکدا شەڕی ناوخۆی لوبنان تا ساڵی 1990 بەردەوام بوو و ئیسرائیل بۆ ماوەی 10 ساڵی دیکە بەشێک لە لوبنانی داگیرکرد.
بۆردومانەکە لە لایەن گروپێکەوە بە ناوی جیهادی ئیسلامی بانگەشەی بۆ دەکرا، کە بە شێوەیەکی گشتی دەگەڕێتەوە بۆ هێزەکانی شیعەی لوبنان و دواتر بووەتە ئەوەی ئێستا بە حزبوڵڵا ناسراوە.
حزبوڵڵا سەرچاوە و لوتکەی سەرەتایی خۆی لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا قەرزاری دژایەتی توندی لەشکرکێشی و داگیرکردنی لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوەیە. ئەو گرووپە هیچ کات بە دوای ململانێ لە گەڵ ئەمریکادا نەگەڕاوە کە لە سەر بنەمای ئایدۆلۆژیایەکی فرەنەتەوەیی وەک ئەلقاعیدە بێت. سەرنجی حزبوڵڵای لوبنان بە وردی لە سەر ئامانجەکانی وەک بەدەستهێنان و پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی لە لوبنان، بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی شیعەکانی لوبنان و بەرگریکردن لە لوبنان بە گشتی لە دژی دەستدرێژی ئیسرائیل بووە.
ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانی حزبوڵڵا لە سەر ئەو ئامانجانە دامەزراون. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دوو بۆردومانکردنی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل یان جوولەکەکانی لە بوینسئایرێس لەخۆ گرتووە، هەریەکەیان وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە هێرشەکانی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها پشتیوانی حزبوڵڵا لە هاوپەیمانی خۆی واتە حکومەتی ئەسەد لە سوریا بووە.
تاکە هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا کە ڕەنگە وا دەرکەوێت کە دوور بێت لە شەڕی لوبنان کە حزبوڵڵا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشداری تێدا کردبوو (بە پشتیوانی هاوسۆزانی سعوودیە) بۆردومانی تاوەرەکانی ئەلخۆبار بوو لە ساڵی ١٩٩٦ لە سعودیە، لێرەدا بوو کە پرسی بوونی سەربازی ئەمریکا لە خاکێکی بیانیدا جارێکی دیکە بەرزکرایەوە، کە ئەمەش بۆ خەڵکەکەی بابەتێکی قبووڵنەکراو بوو.
بۆردومانکردنی سەربازگەکانی هێزی دەریایی لە ساڵی ١٩٨٣دا دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو ڕاستییە بوو کە ئەمریکا ڕێگەی بە خۆی دا کە تێوەگلابێت لە یەکێک لە شەڕەکانی دەستدرێژیی ئیسرائیلدا. ئەگەر ئەو دەستێوەردانانە نەبوایە، هەرگیز ئەم بۆردومانە ڕووی نەدەدا.
ئێستاش ئەگەر ئەمریکا بچێتە ناو شەڕەکانی ئێستای ئیسرائیلەوە، ئەوا تێچووی هاوشێوەی دەبێت، بەڵام مەرج نییە ئەم تێچووە لە خودی لوبناندا بدرێت. ئەو هێرشانەی کە ئیسرائیل بۆ سەر تواناکانی حزبوڵڵا لە لوبنان کردوویەتی، پێدەچێت توانای کارکردنی ناهاوسەنگی لە شوێنەکانی دیکە کەم نەکردبێتەوە. ئامادەیی حزبوڵڵا بۆ بەکارهێنانی ئەم توانایە لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا زیاتر دەبێت، لە گەڵ ئەوەی ئەمریکا خۆی بە هێرشە کوشندەکانی ئیسرائیلەوە گرێ دەدات و تا ئەو ڕادەیەی کە ئەم هێرشانە بەشێک لە لوبنان وەک وێرانە ترسناکەکانی غەززە لێدەکات.
نووسەر: Paul R. Pillar