بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەردانە دوو ڕۆژەکەی بۆ پاکستان (5 و 6 ی تشرینی دووەمی 2024) لە گەڵ وەزیری دەرەوە، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی سوپای ئەو وڵاتە کۆبووە.
ناوبراو سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی لە پاکستان وتی: هەر دوو وڵاتی ئێران و پاکستان تێڕوانینێکی نزیکیان لە سەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە هەیە.
عێراقچی ستایشی هەڵوێستی بەرپرسانی باڵای پاکستانی کرد و وتی: ئەو ئیدانەکردنەی لە پاکستان بەرامبەر بە دەسدرێژییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر ئێران بینراوە، کەم وێنەیە.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کە لەم سەردانەدا پرسی ئەفغانستان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە سنورەکانی هەر دوو وڵات و پێویستی هاوئاهەنگی ئێران و پاکستان لەم بوارەدا تاوتوێ کراوە.
ڕاشیگەیاند کە ئێران و پاکستان هەوڵ دەدەن لە ڕێگای ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامییەوە هەوڵی ڕاگرتنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە و لوبنان بدەن.
سەید عەباس عێراقچی وتی: لە ڕوانگەی ئێران و پاکستانەوە پەیوەندییەکی نزیک لە نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و گرووپە تیرۆریستییەکانی ناوچەکەدا هەیە، هێمای ڕوونی ئەوەیە کە لەو ڕۆژەدا ڕژێمی زایۆنیستی دەسدرێژی کردە سەر ئێران، گرووپە تیرۆریستییەکان چالاک کران و بەداخەوە کە 10 کەس لە هێزەکانی ئاسایشیان شەهید کرد، ئەمەش بوونی هاوئاهەنگی لە نێوان زایۆنیستەکان و تیرۆریستان پیشان دەدات./.