بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەگەرچی هەواڵەکە بە کورتی وەک هەمیشە لە میدیا جیهانییەکاندا بڵاو کرایەوە بەڵام ڕەهەند و لێکەوتەکانی بەرە بەرە خۆی پیشان دەدات. لە پەراوێزی یاری نێوان تیپەکانی مەکابی تەل ئەبیب و ئاژاکسی ئەمستێردام لە پاڵەوانێتی ئەورووپا، پێکدادان و توندووتیژی لە نێوان خۆپێشاندەرانی لایەنگری فەڵەستین و لایەنگرانی تیپە زایۆنیستەکە ڕوویدا.
شەڕ و پێکدادانەکان لە چەندین ناوچەی شاری ئەمستێردام ڕوویدا و پۆلیس بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە بە ناچار 57 کەسی دەستگیر کرد. پۆلیس وردەکاری و زانیاری تایبەت بەو کەسانەی ئاشکرا نەکردووە کە دەستگیر کراون کە ئایا لایەنگرانی تۆپی پێ لە نێوان ئەواندا بوون؟ ئاژاکسی ئەمستێردام بە ئەنجامی 5 گۆڵ بەرامبەر بە سفر لە تیپە زایۆنیستەکەی بردەوە.
کەناڵی تەلەفزیۆنی AT5 ی ئەمستێردام ڕایگەیاندووە کە خۆپێشاندەران لە نێو یاریگاکەدا کورسییان بەرەو لایەنگرانی تیپە زایۆنیستەکە فڕێدا و هێزەکانی پۆلیس هەوڵی پاراستنی لایەنگرانی زایۆنیستیاندا و ئەوانیان تا هوتێلەکانیان بەڕێکرد.
ئەڵبەت لە چەند ڕاپۆرتێکدا هاتووە کە شەڕ و پێکدادانی سەرەکی لە نێو شەقامەکان و لە لایەن لایەنگرانی سەرخۆشی تیپە زایۆنیستەکەوە دەستیپێکرد. لە چەند ڕاپۆرتێکی دیکەدا هاتووە کە هێرشی سەر لایەنگرانی تیپە زایۆنیستەکە لە بەردەوامی ڕق و کینی جیهانی لە ڕژێمی زایۆنیستی بەرامبەر بەوەی پەیوەندی بەم ڕژێمەوە هەیە، بووە.
مێژووی تیپی مەکابی و هاوبەشی لە زوڵمی دژ بە فەڵەستینییەکان
تیپی مەکابی تەل ئەبیب یەکێک لە تیپ و یانە ناسراوەکانی ڕژێمی زایۆنیستییە کە ساڵانێکە بەردەوام کەڵکی لە سەرچاوەی دارایی و پشتیوانی سیاسی حکومەتی ئەم ڕژێمە وەرگرتووە و هەندێک کاتیش وەک ئامرازێکی بانگەشە و پەردەپۆشکردنی داگیرکاری زایۆنیستەکان لە دژی گەلی فەڵەستین بەکارهاتووە. ئەم یانەیە بە هاوکاری و پشتیوانی لە سیاسەتی داگیرکاری و سەرکوتکردنی فەڵەستین و فەڵەستینییەکان لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە، ڕۆڵی لەو هەموو زوڵم و تاوانەدا هەبووە و بە واتایەکی دیکە یارمەتیدەر بووە بۆ پێشخستنی گێڕانەوەی ڕژێمی زایۆنیستی سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەکە.
یانەی مەکابی تەل ئەبیب بە جۆرێک پەرەپێدەری ئەو بۆچوونانەیە کە هەوڵی کەمکردنەوەی مافی فەڵەستینییەکان و شەرعییەتدان بە داگیرکاری دەدەن. هەندێک لە بەرپرسان و کەسانی ئەم یانەیە لە قۆناغە جیاجیاکاندا بە ئاشکرا پشتیوانییان لە سیاسەتی داگیرکاری و سەرکوتکردنی فەڵەستینییەکان لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە کردووە و لە پێناو پەرەپێدانی ئەو بۆچوون و سیاسەتە چالاکییان کردووە.
بە پێی ئەنجامی ڕاپرسییەکان، دژایەتی جولەکە لە وڵاتانی ئەورووپی بەرفراوانتر بووە و بەشێکی زۆری ئەمەش دژایەتی گەلانی ئەورووپایە بۆ سیاسەتی داگیرکاری و کوشتاری فەڵەستینییەکان لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە. ئەم بارودۆخە لە پاش ڕووداوەکانی 7 ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023 ەوە تا ئێستا زیاتر لە وڵاتانی ئەورووپی و تەنانەت لە ئەمریکاش بینراوە و بە شەپۆلێکی دژە زایۆنیستی لە وڵاتانی رۆژئاوا دادەنرێت.
شەڕ و پێکدادانەکانی ئەمستێردام بۆ پشتیوانی ئەورووپییەکان لە مافی گەلی فەڵەستین و بێزاری لە سیاسەتەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دەگەڕێتەوە.
ئەنجامی ئەم ڕووداوانەش پیشان دەدات کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت گرنگی بە مافی فەڵەستینییەکان و ڕێگری لە سیاسەت و کردەوە دژە مرۆییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بدەن.
یانەی مەکابی بەردەوام لە ڕووی دارایی و سیاسییەوە لە لایەن حکومەتی ڕژێمی زایۆنیستییەوە پشتیوانی کراوە. ئەم یانەیە سەرەتا وەک یانەیەکی وەرزشی بووە بەڵام لە کۆمەڵگای جولەکەدا بووە ناوەندێکی گردبوونەوەی هاندەرانی زایۆنیست و بۆچوونێکی نەتەوەپەرستانە و توندڕەوانەی لە دژی گەلی فەڵەستین هەبووە.
پیکدادان و توندووتیژی لە نێوان هاندەرانی تیپەکەی تەل ئەبیب و گروووپە جیاجیاکانی ئەورووپا مێژوویەکی هەیە، ئەم تیپە چەندین جار ڕوبەڕوی ناڕەزایەتی و کاردانەوەی توندی لایەنگرانی گەلی فەڵەستین و گرووپەکانی دژ بە ڕەگەزپەرستی بووەتەوە.
زۆرێک لەم پێکدادانانە بە هۆی پشتیوانی مەکابی و هاندەرانی لە سیاسەتەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی فەڵەستینییەکان ڕوویداوە و پیشاندەری ناڕەزایەتییەکی زۆری چین و توێژە جیاجیاکانی وڵاتانی ئەورووپی لە داگیرکاری و زوڵمی زایۆنیستەکان لە سەر خاکی فەڵەستینە.
پێکدادانەکانی ئەمستێردام تەنیا یەکێک لە نموونە دووبارەبووەکانی گرژی و پێکدادانی نێوان هاندەرانی مەکابی لە دەرەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستینە.
ئەم ڕووداوانە پیشاندەری ناڕەزایەتی چین و توێژە جیاجیاکانی ئەورووپا لە ڕژێمی زایۆنیستی و پشتیوانی ڕوونی ئەوانە لە گەلی فەڵەستین و جەخت لەوەش دەکاتەوە کە دەبێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بێدەنگی بەلاوەبنێن و گرنگییەکی زیاتر بە پرسی فەڵەستین و ڕێگری لە کوشتاری ئەوان لە لایەن ڕژێمی داگیرکار و تاوانباری زایۆنیستییەوە بدەن.