پێدەچێت لیستی هەوڵە تێرۆریستییە سەرنەکەوتووەکانی ئێران لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمریکا ڕۆژ بە ڕۆژ درێژتر دەبێتەوە و ڕۆژێک نییە کە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی هەواڵی پووچەڵکردنەوەی هەوڵێکی تیرۆر یان سیخوڕیی ئێران لە دژی خۆیان ڕانەگەێنن.
سەیرە هەموو ئەو هەوڵانە شکستیان هێنابێت، بۆیە شارەزایان پێیان وایە ئەم هەوڵانە هەمووی لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمریکاوە بە مەبەستی دژوارکردنی دۆخی هەر جۆرە وتووێژێک لە نێوان ئێران و وڵاتانی گەورە و بە تایبەت لە گەڵ ئەمریکا، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان دەکرێت.
بێگومان ئێران هیچ کات ئەوەی ڕەتنەکردووەتەوە و نکۆڵی لەوەش ناکات کە ڕۆژێک تۆڵەی خوێنی شەهید قاسم سولەیمانی بکاتەوە، بەڵام بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، شێوازی مافیا و باندە تاوانکارییەکانی وەک زایۆنیستەکان و ئەمریکییەکانی بەکارنەهێناوە و نایکات و ئامرازی یاسایی و دادوەریی بۆ دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە قێزەڤنە پێ باشترە.
سەیرە کە تۆمەتەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران لە دوای هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپ لە 13 ی تەمموزی ڕابردوو لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا لە لایەن گەنجێکی ئەمریکی بە ناوی تۆماس ماتیۆ کرۆکسەوە زیادی کرد، لە هەمان کاتدا ڕاگەێندرا کە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و سەرکردەکانی دیکەی پارتی دیمۆکرات هەوڵیاندا بۆ ئەوەی ئەم هەوڵی تیرۆرکردنە بکەنە ئامرازێک بۆ ئەوەی ترەمپ وەک دیکتاتۆرێک نیشان بدەن کە هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر دیمۆکراسی و بە هیچ شێوەیەک باسی ئێران نەکرا.
ئەوەی جێگای سەرنجە، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و سەرکەوتنی ترەمپ، وەزارەتی دادی ئەمریکا بە شێوەیەکی گوماناوی ڕایگەیاند کە هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپ پووچەڵ کراوەتەوە.
ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی ترامپ هاوکات لە گەڵ ڕاگەیاندنی پووچەڵکردنەوەی هەوڵی تیرۆرکردنی، پرسیاری زۆری سەبارەت ئامانجی ئەو جۆرە بانگەشەی ناڕاستەوە وروژاندووە و تەنانەت هەندێکیشیان ڕایانگەیاندووە کە دووبارەکردنەوەی بانگەشەی هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپ لە لایەن ئێرانەوە بۆ ئامادەکردن و گەیشتنی جەماوەری ئەمریکایە بەوەی کە ئێران هەوڵی تیرۆرکردنی ناوبراوی داوە.
تەنانەت دیمێتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ڕووسیا، گاڵتە بەم چیرۆکانەی ئەمریکییەکان دەکات سەبارەت بە هەوڵی ئێران بۆ تیرۆرکردنی ترەمپ و لە تێلێگرامدا نووسیبووی کە پێویستە بە دوای ڕێکخەری تیرۆرکردنەکەدا بگەڕێین، بەڵام لە نێو ئێرانییەکان نا، بەڵکو لە نێو خەڵکی لیبراڵە لاوازەکان کە لەم پیرە پیاوە (بایدن) پشتیوانی دەکەن، کەواتە بۆ نموونە ئەگەر ترەمپ بیەوێت لە ماوەی 24 کاتژمێردا بەڵێنەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ئۆکرانیا جێبەجێ بکات، ئەوا هەمان چارەنووسی جۆن کێنێدی سەرۆکی پێشووی ئەمریکای دەبێت لە ساڵی 1963.
بێگومان مێدڤێدێڤ باسی دیوی ڕاستەقینەی بانگەشەی درۆینەی هەوڵی ئێرانی بۆ تیرۆرکردنی ترەمپ کە ڕژێمی زایۆنیستییە، نەکرد و لەبیری چوو کە ئەم ڕژێمە سەرەڕای هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی ئەمریکا پێشکەشی دەکات، درێغی ناکات لە پاکتاوکردنی کەسایەتییە ئەمریکییەکان کە ڕێگری لە بەدیهێنانی پلانەکانی لە ناوچەکەدا دەکەن، بۆیە قسەکانی ترەمپ سەبارەت بە هەوڵدان بۆ ڕاگرتنی شەڕ و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی ئەمریکا، بەشێک لە ڕژێمی زایۆنیستیی تووڕە کردووە، هەمان ئەو لایەنانەی کە ڕەخنەیان لە کێنێدی گرت لە سەر دژایەتیکردنی چەکی ئەتۆمی تەلئەبیب و هەوڵدان بۆ پەیوەندیکردن بە جەمال عەبدولناسر سەرۆکی پێشووی میسر بۆ یەکلاکردنەوە پرسی فەڵەستین و دوا جاریش تیرۆر کرا./.