بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فائیز ئەلدوەیری شارەزای کاروباری سەربازی ناوچەکە سەبارەت بە دیوی پشتەوەی بڕیاری زایۆنیستەکان بۆ کشانەوە لە سنورەکانی لوبنان، ڕایگەیاندووە کە لێدوانی بەرپرسانی سیاسی و سەربازی ڕژێمی زایۆنیستی سەبارەت بە نزیکبوونەوەی وادەی کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە لوبنان، بە واتای ئەوە نییە کە ئەم ڕژێمە لە پاشەکشەی حزبوڵڵا بۆ ئەوبەری ڕووباری لیتانی سەرکەوتوو بووە یان ناوچەیەکی پارێزراو لە سنورەکاندا دابین بکات.
بۆ زایۆنیستەکان بیریان لە کشانەوە لە سنورەکانی لوبنان کردووەتەوە؟
ناوبراو بە کەناڵی جزیرەی ڕاگەیاندووە کە ئەم لێدوانانەی زایۆنیستەکان سەبارەت بە نزیکبوونەوەی وادەی کشانەوە لە سنورەکانی لوبنان، لە گەڵ لێدوانەکانی هێرتزی هالیڤی سەرۆک ئەرکانی سوپای داگیرکاری زایۆنیستی یەکناگرێتەوە کە پەرەپێدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە لوبنان بە پێویست ناو بردووە و بە واتای ئەوەیە کە ڕژێمی زایۆنیستی لەوەدا شکستی هێناوە کە بە ئامانجەکانی لە شەڕی لوبنان بگات.
ئەلدوەیری ڕایگەیاندووە کە سەرجەم شارە سنورییەکانی لوبنان لە گەڵ فەڵەستینی داگیرکراو بە هۆی هێرش و بۆردومانەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە بەڵام هێزەکانی حزبوڵڵا لەم شارانەدا ماونەتەوە و درێژە بە چالاکی و ئۆپەراسیۆنەکانی خۆیان لە دژی زایۆنیستەکان دەدەن، وەک کەرتی غەززە کە هێشتا خۆڕاگری لەوێدا ڕوبەڕوی هێزەکانی زایۆنیست دەبێتەوە.
ئەو شارەزا سەربازییە ئەردەنییە ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا شەڕ و پێکدادانی سەربازی لە ئاستی مەیدانیدا لە سنورەکانی لوبنان کەمیکردووە و هێزەکانی سوپای داگیرکاری زایۆنیست بەرەو هێڵی شین پاشەکشەیان کردووە کە پێدەچێت هەنگاوێکی تەکتیکی بێت و کاتێک جێبەجێ کرا کە هێزەکانی سوپای زایۆنیست لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە ناوچە سنورییەکانی لوبنان شکستیان هێنا و بەوە گەیشتوون کە لە ئاستی مەیدانیدا پێویستیان بە پلانێکی دیکە هەیە.
ناوبراو بە ئاماژە بە گورزە کوشندەکانی ڕۆژان و هەفتەکانی ڕابردووی حزبوڵڵا لە دژی زایۆنیستەکان، ڕایگەیاندووە کە حزبوڵڵا لە تەل ئەبیب گورزی پێشکەوتوو و کاریگەری لە زایۆنیستەکان وەشاندووە و زۆربەی بنکە ئاسمانییەکان دەکاتە ئامانج کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕژێم لەوێوە بۆ هێرشی دژ بە لوبنان هەڵدەستن، هەروەها هێرشی مووشەکی بۆ سەر حەیفا و ئەلجەلیل بووەتە بابەتێکی ئاسایی ڕۆژانە بۆ حزبوڵڵا و ئەم ناوچانە بەردەوام لە ژێر بارانی مووشەکەکانی حزبوڵڵادان.
لێدوانەکانی ئەو شارەزا سەربازییە ئەردەنییە پاس ئەوە دێت کە کەناڵی 13 ی تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایۆنیستی، ڕۆژی شەممە، ڕایگەیاند کە سوپا کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە باشوری لوبنان دێنێت و خەمڵاندنەکان پیشان دەدەن کە لە سەدا 90 ی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە لوبنان کۆتایی هاتووە.
ئەو کەناڵە تەلەفزیۆنییەی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە کۆتایی هێنانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان پاش گەیشتن بە ڕێکەوتنی سیاسی دەبێت.
ڕژێمی زایۆنیستی توانای دوورخستنەوەی حزبوڵڵای لە سنورەکان نییە
لە لایەکی دیکەوە لیوا ئەلیاس حەننا شارەزای کاروباری سەربازی و ستراتیژیی ناوچەکە سەبارەت بە گۆڕانکاری و ڕووداوەکانی باشوری لوبنان ڕایگەیاند کە سوپای زایۆنیست هەوڵ دەدات هێزەکانی حزبوڵڵا بە تایبەت یەکەی ڕزوان لە سنورەکان دووربخاتەوە بەڵام بۆ گەیشتن بەم ئامانجە چەندین کێشە و بەربەستی گرنگی لە پێشە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە سوپای داگیرکاری زایۆنیست هەوڵ دەدات هێزەکانی ڕزوانی حزبوڵڵا بەرەو باکوری لوبنان یان بەرەو ڕووباری لیتانی ناچار بە پاشەکشە بکات و بەم هۆیەوە سەرجەم ژێرخانەکانی لە گوندەکان و شارە سنورییەکانی لوبنان ڕووخاندووە. لە ئێستادا لیواکانی 164، 36، 91، 98 و 210 ی سوپای زایۆنیست لە سنورەکانی لوبناندان و لە هەوڵەکانیان بۆ پێشڕەوی بەرەو ناوچەکانی لوبنان تووشی شکست بوون. لە کاردانەوەی بەرامبەر بەم هەوڵەی زایۆنیستەکان، تێکۆشەرانی حزبوڵڵا زیانێکی زۆریان بە سەر سوپای زایۆنیستی لە باشوری لوبناندا سەپاندووە.
بە وتەی ئەو شرۆڤەکارە سیاسی و سەربازییەی کاروباری ناوچەکە، سوپای ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵی چوونە ناو بنت جەبیل لە باشوری لوبنان دەدات بەڵام تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە و لە لایەکی دیکەوە شاری مارون ڕەئس لە باشوری لوبنان شەڕ و پێکدادانێکی قورس بە خۆوە دەبینێت.
ئەلیاس حەننا ڕایگەیاندووە کە چەقی شەڕ و پێکدادانی نێوان حزبوڵڵای و سوپای داگیرکاری زایۆنیستی لە ناوچەکانی میس جەبەل، عیترۆن، کەفەرکەلا و تەیبەیە و لە ناوچەی خەیام لە باشوری ڕۆژهەڵاتی لوبنانیش هێڵێکی دیاریکراو هەیە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە حزبوڵڵا بەردەوامە لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی بۆ سەر پێگەی سەربازییەکانی ڕژێمی داگیرکار و شارۆچکە زایۆنیست نشینەکان لە باکوری فەڵەستینی داگیرکراو تا تەل ئەبیب./.