بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بە مەبەستی هاندانی زایۆنیستەکان بۆ پەیوەستبوون بە هێزە یەدەگەکانەوە، سوپای داگیرکاری زایۆنیستی کە بە هۆی شەڕی غەززە و لوبنان و زۆربوونی ژمارەی قوربانییەکانەوە ڕوبەڕوی کەمبوونی هێزی شەڕکەر بووەتەوە، پلانی ئەوەی هەیە کە ماوەی خزمەتکردنی ئەندامانی هێزی یەدەگ کەم بکاتەوە.
ئەم بڕیارە لە پاش کەمبوونەوەی نائاسایی ژمارەی هێزی یەدەگی سوپای داگیرکاری زایۆنیست دەرکراوە.
کەناڵی ئای 24 لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە ماوەی خزمەت لە لیواکانی ئۆپەراسیۆنی هێزی یەدەگ لە 20 هەفتەی ساڵی 2024 بۆ 9 هەفتە لە ساڵی 2025 کەمبووەتەوە.
هەروەها فەرماندەیی سوپای زایۆنیست بڕیاریداوە کە خزمەتی ئەو کەسانە لە قۆناغێکی یەک لە دوای یەکدا بێت نەک جیاجیا.
سوپای ڕژێمی زایۆنیستی بە توندی نیگەرانی لەدەستدان و کەمبوونی لە سەدا 15 تا 25 ی ژمارەی هێزی یەدەگە.
هۆکاری سەرەکی دابەزینی خواستی بەشداریکردنی ئەندامانی هێزی یەدەگی ڕژێمی زایۆنیستی لە شەڕەکانی ئێستا بۆ قوربانییەکانی ئەو ڕژێمە لە شەڕی غەززە و لوبنان و زۆربوونی ماوەی خزمەتی هێزی یەدەگ دەگەڕێتەوە.
ڕۆژنامەی ئیسرائیل هیۆم ڕایگەیاندووە کە 13 هەزار کەس لە کۆی 17 هەزار ئەندامی هێزی یەدەگ ڕایانگەیاندووە خواستێکی ئەوتۆیان بۆ گەڕانەوە بۆ ڕیزەکانی سوپای ئەو ڕژێمە نییە.
کەناڵی کان بە هەمان شێوە ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی یەدەگ ڕوبەڕوی دۆخێکی دژوار بوونەتەوە. لە لایەکەوە دەیانەوێت گیانی خۆیان بپارێزن و لە لایەکی دیکەوە نیگەرانی لەدەستدانی ئیش و کاری خۆیانن، زۆربەی ئەوان خێزان و پیشە و کارەکانیان بە هۆی کاریگەری شەڕەوە لەدەستداوە.
لە سایەی بەرفراوانتربوونی ناکۆکییە ناوخۆییەکان، سوپای ڕژێمی زایۆنیستی ڕوبەڕوی کەمبوونەوەی زۆری ژمارەی هێزی شەڕکەر و دژایەتی حەریدییەکان بۆ پەیوەستبوون بە هێزی سەربازی بووەتەوە و هۆکاری ئەمەش بۆ زۆربوونی ژمارەی قوربانییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە هەر دوو شەڕی غەززە و لوبنان دەگەڕێتەوە./.