بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ رۆژی پێنج شەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە دەرکردنی فەرمانی چۆڵکردنی ناوچەکانی کەرتی غەززە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە کە بووەتە هۆی کۆچی زۆرەملێ و پاکتاوی نەتەوەیی، بە تاوانی جەنگ دادەنرێت.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ڕێکخراوەکە بەڵگەیەکی زۆری کۆکردووەتەوە کە دەریدەخات دەسەڵاتدارانی ڕژێمی زایۆنیستی بە ئاوارەکردنی فەڵەستینییەکان تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە.
لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە پێدەچێت کردەوەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لەو ناوچانەی کە فەڵەستینییەکان ئاوارە بوون و توانای گەڕانەوەیان نەماوە، لە گەڵ پێناسەی پاکتاوی نەتەوەیی دەگونجێت.
نادیە هاردمەن یەکێک لە توێژەرانی ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەرەنجامەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە سەر بنەمای چاوپێکەوتن لە گەڵ ئاوارەکانی غەززە، وێنەی مانگی دەستکرد و ڕاپۆرتە گشتییەکان کە تا مانگی ئابی 2024 پێشکەش کراون، کۆکراوەتەوە./.