بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شێخ نەعیم قاسم ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان، ئەمرۆ چوارشەممە، لە وتاریکدا بە ئاماژە بە شەهیدبوونی سەید هاشم سەفیەدین سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری حزبوڵڵا، ناوبراوی بە سەرکردەیەکی ڕەسەن، خوێندەوار، زانا، بانگخواز و ئامانجدار ناو برد.
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان هەروەها شەهید محەممەد عەفیف بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئەم بزوتنەوەی بە شەهیدی شەڕی میدیایی لە ڕێگای قودسدا ناو برد.
شێخ نەعیم قاسم وتی: ناتوانین واز لە پایتەختی لوبنان بێنین و دوژمن دەبێت باجی ئەم هێرشانەی لە ناودڵی تەل ئەبیبدا بداتەوە.
ناوبراو وتی: ئێمە پێداگری لە پشتیوانیکردنی غەززە دەکەینەوە و ڕەچاوی هەلومەرجی لوبنان دەکەین، جێی شانازییە کە لە ڕیزی ئەو کەسانەداین لە گەڵ خۆڕاگریی عێراق، یەمەن و ئێران و لە کاتێکدا کە جیهان تەنیا بینەری تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستییە، پشتیوانی لە غەززە دەکەین. ڕاستە کە زیانمان بەرکەوتووە بەڵام هێزێکی زۆر ئازا و بوێرمان هەیە.
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان وتی: ئەنجامی دوو مانگ شەڕی دژ بە لوبنان، بەردەوامی خۆڕاگرییەکی ئەفسانەیی بووە، خۆڕاگری هەوڵی ڕێگری لە داگیرکارییەکانی دوژمن دەدات.
ناوبراو وتی: ئێمە توانای شەڕێکی درێژخایەنمان هەیە و ڕژێمی زایۆنیستی ناتوانێت ئێمە تووشی شکست بکات و مەرجەکانی بە سەر ئێمەدا بسەپێنێت، ئێمە پیاوی ناو گۆڕەپانەکانداین./.