بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەریق محەممەد باقری لە کۆبوونەوەی فەرماندە باڵا سەربازییەکانی ئێران بە ئاماژە بە شکستی ڕژێمی زایۆنیستی لە گەیشتن بە ئامانجەکانی لە هەر دوو بەرەی شەڕی غەززە و لوبنان، وتی: سوپای ڕژێمی زایۆنیستی سەرەڕای ئەو هەموو تاوانەی لە دژی خەڵکی مەدەنی لە غەززە و لوبنان کردوویەتی، لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە بە هیچ یەک لە ئامانجە دیاریکراوەکانی بگات.
ناوبراو وتی: گرنگترین ئامانجی ڕژێمی زایۆنیستی لە شەڕی لوبنان، خەونی ئاسایش و سەقامگیری باکوری ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین و گەڕاندنەوەی دانیشتووانی ئەم ناوچانە بوو کە نەک تەنیا ئەمە مسۆگەر نەبووە بەڵکوو ناسەقامگیری گەیشتووەتە شارە گەورەکانی وەک حەیفا و تەل ئەبیب.
باقری وتی: ڕژێمی زایۆنیستی ئازادکردنی دیلەکانی وەک ئامانجی یەکەمی شەڕی غەززە دیاریکردبوو بەڵام پاش 14 مانگ تەنانەت لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە شوێنی مانەوەی ئەو دیلانە بدۆزێتەوە و بە ناچار پاش چەندین مانگ شەڕی هەمەلایەنە، سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ ئازادکردنی دیلەکان خەڵات و دیاریی ڕاگەیاندووە.
سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە دەسدرێژییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی و شەهیدبوونی 4 ئەندامی هێزی بەرگری ئاسمانی، وتی: زایۆنیستەکان بەم هێرشە هێڵی سووری ئێرانیان بەزاند، بەڵام دەبێت بزانن کە لە کاتی گونجاودا وەڵامەکەی وەردەگرن و وەڵامەکەش بە شێوازێک دەبێت کە لە دەرەوەی خەیاڵی سەرکردەکانی ئەو ڕژێمە پلانی بۆ ئامادە کراوە.
ناوبراو جەختیکردەوە کە ڕژێمی زایۆنیستی باجێکی قورسی دەسدرێژی بۆ سەر خاکی پیرۆزی ئێران دەدات./.