شکستی ڕژێمی زایۆنیستی لە گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکانی لە شەڕی لوبنان بە تایبەت لەناوبردنی حزبوڵڵا و ئەو هەموو زیانە مرۆیی و سەربازییە لەم شەڕەدا بەریکەوتووە، وایکرد کە ناچار بە قبووڵکردنی ڕێکەوتنی ئاگربەست ببێت. بە واتایەکی دیکە کابینە سەربازییەکەی ڕژیمی زایۆنیستی بەو ئەنجامە گەیشت کە ناتوانێت لە ڕێگای سەربازییەوە بە ئامانجەکانی لە لوبنان بگات.
شکستەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە بەرامبەر حزبوڵڵای لوبنان، حەماس و لایەنەکانی دیکەی بەرەی خۆڕاگری هێندە زۆرە بووە کە ئەمریکییەکان وەک لایەنگرانی سەرەکی ئەم ڕژێمە، سەرەڕای ئەو هەموو پشتیوانییە دارایی و سیاسی و سەربازییەی خۆیان، ئامۆژگاری زایۆنیستەکانیان کرد کە ئاگربەست قبووڵ بکەن تا مەترسی لەناوچوونیان لە سەر نەبێت.
ڕژێمی زایۆنیستی پاش ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسای بزوتنەوەی حەماس، بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە لە ماوەی چەند هەفتەدا ئەو بزوتنەوەیە لە ناو دەبات، ئیدارەی کەرتی غەززە دەگرێتە دەست و لە هەمووش گرنگتر، دیلەکانی خۆی ئازاد دەکات. بەڵام پاش 13 مانگ هێشتا لە گەیشتن بە ئامانجەکانی شکستی هێناوە و ئەم دۆخەش کاریگەری سیاسی، سەربازی، هەواڵگری و کۆمەڵایەتی لە سەر ڕژێمی داگیرکار و تاوانباری زایۆنیست داناوە.
ڕژێمی زایۆنیستی بە تیرۆرکردنی سەرکردەکانی حزبوڵڵای لوبنان بە تایبەت شەهید سەید حەسەن نەسروڵڵا، بانگەشەی سەرکەوتن و لەناوبردنی ئەم بزوتنەوەی دەکرد بەڵام حزبوڵڵا بەهێزتر و بە ئیرادەیەکی بوێرانەتر لە گۆڕەپانەکەدا مایەوە و هێندە هێرشە مووشەکی و سەربازییەکانی بۆ سەر ڕژێمی زایۆنیستی زیاتر کرد کە سەرکردەکانی ئەو ڕژێمە بە ناچار ڕێکەوتنی ئاگربەستیان قبووڵ کرد.
ڕژێمی زایۆنیستی بە پێی ئەزموونەکانی ڕابردوو، کاتێک ئاگربەست قبووڵ دەکات کە ئاگاداری هێزی لایەنی بەرامبەر و شکست و لاوازی خۆی بێت. بە پێچەوانەی ئەمەوە هیچ دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی نییە بتوانێت زایۆنیستەکان ڕازی بکات واز لە شەڕ و کوشتار بێنن.
ئەم شەڕە بەدەر لە سەرکەوتنی بەرەی خۆڕاگری لە غەززە و لوبنان، لە ڕووی سیاسی و نێودەوڵەتییەوە ڕژێمی زایۆنیستیی تووشی شەرمەزاری و پەراوێزکەوتن و نەفرەتێکی گشتی کردووە. بە جۆرێک دەبینین زانکۆکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و کۆمەڵگای ئەو وڵاتانە بە گشتی بووەتە شوێنی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی و لایەنگرانی ئەو.
لە لایەکی دیکەوە ئەم شکست و سەرشۆڕییە هێندەی دیکە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوای لە سەر بانگەشەی درۆی مافی مرۆڤ تووشی ڕیسوابوون کردووە./.