بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەزا میرابیان سەبارەت بە ڕووداوەکانی سوریا پاش جێبەجێکردنی ئاگربەستی لوبنان و چالاکبوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان لەم وڵاتەدا وتی: بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی پاش قبووڵکردنی ئاگربەست لە لوبنان کە بە ناچار و بە هۆی شکستەکانی ئەو ڕژێمەوە بووە، لە وتارێکی لە پەرلەماندا ڕایگەیاند کە ئامانجی لە ئاگربەستی لوبنان ئەوەیە بووە کە گرووپەکانی خۆڕاگری لێک جیا بکاتەوە.
ناوبراو وتی: نتانیاهۆ هەروەها پێش ئاگربەستی لوبنان بە توندی هەڕەشەی لە بەشار ئەسەد کرد و ڕایگەیاند کە تەل ئەبیب موڵەتی ئەوە نادات سوریا ببێتە ڕێڕەوێک بۆ گواستنەوەی چەک بۆ لوبنان. لەو چوارچێوەشدا ڕژێمی زایۆنیستی چەندین هێرشی کردە سەر ناوچە سنورییەکانی سوریا و لوبنان تا پەیوەندی وشکانی ئەم دوو وڵاتە ئاسان نەبێت. هەر بۆیە بەم ڕووداوانەی ناوچەکە و هەندێک بەڵگەوە ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵی ئاژاوەگێڕی لە سوریا، یەمەن و لوبنان بدات، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بیسترا کە چەند هۆزێکی یەمەنی لە دژی ئەنساروڵڵا یاخی بوون و لە لوبنانیش ئەگەری ئەوە هەیە کە سوننە و مەسیحییەکان لە دژی شیعەکان و حزبوڵڵا کۆبکەنەوە، ئەمەش ئەنجامی شکستی زایۆنیستەکانە لە شەڕی دژ بە حزبوڵڵا.
ئەو شارەزای کاروباری ناوچەکە ڕایگەیاند کە تیرۆریستانی حەلەب بە ئۆتۆمبێل و جلوبەرگی سوپای سوریا و بە چەک و پێداویستی پێشکەوتووی سەربازییەوە ئەم شەڕەیان دەستپێکردووە و ئەمەش پیشان دەدات کە پیلانێکی پێشوەختە لە ئارادا بووە.
میرابیان وتی: چالاکبوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان لە سوریا بە بێ ئاگاداری و هاوئاهەنگی چەند پایتەخێکی ناوچەکە نەبووە و هەر بۆیە سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداری دایە چەند وڵاتێک کە یاری بە ئاگرەوە نەکەن.
ناوبراو وتی: وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ڕووداوەکانی حەلەب لە کاتێکی نەگونجاودا کراوە و ئەم گۆڕانکارییانەی ئیدانە نەکردووە و هیچ داواکاری و هەوڵێکی بۆ کشانەوەی تیرۆریستان لە حەلەب نەبووە.
شارەزا و شرۆڤەکاری کاروباری ناوچەکە وتی کە دەکرێت بڵێین تورکیا ئاگاداری پیلانگێڕییەکەی حەلەب بووە، تەنانەت ئەگەر پشتیوانی لەو گرووپە تیرۆریستییانە نەکردبێت.
ڕەزا میرابیان وتی: گۆڕانکاری و ڕووداوەکانی سوریا لە لایەن سوپای ئەم وڵاتە و بەرەی خۆڕاگرییەوە ئیدارە دەدرێت و هەندێک هەواڵ و ڕاپۆرتی میدیایی لە سەر پێشڕەوی گرووپە تیرۆریستییەکان لە چوارچێوەی شەڕی دەروونی و میدیاییدایە./.