بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەسام سەباغ وەزیری دەرەوەی سوریا و فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە بەغدا ڕایانگەیاند کە سەبارەت بە مەترسی ڕووداوەکانی سوریا و هەستیاریی بۆ سەرجەم لایەنەکانی ناوچەکە بیرکردنەوەیەکی هاوبەشیان هەیە.
وەزیرانی دەرەوەی هەر سێ وڵات بە ئاماژە بەوەی کە قەیرانی سوریا مەترسییەکی زۆری هەیە و ئاسایشی گەلان و ناوچەکە بە گشتی ڕوبەڕوی هەڕەشەی جیدی دەکاتەوە، ئیدانەی ڕووداوە تیرۆریستییەکانی سوریایان کرد و ڕایانگەیاند کە دۆخی ئێستا پێویستی بە ڕوبەڕوبونەوەی هاوبەش هەیە.
سەید عەباس عێراقچی، بەسام سەباغ و فوئاد حوسێن جەختیان لە سەر پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی سوریا کردەوە و ڕایانگەیاند کە هەر مەترسییەک لە سەر ئاسایشی ئەم وڵاتە، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ناوچەکە بە گشتی و بۆ دوورکردنەوەی مەترسی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەش هیچ بژاردەیەک بەدەر لە هاوئاهەنگی، هاوکاری، ڕاوێژ و دیپلۆماسیەتی بەردەوام بوونی نییە.
لایەنە بەشداربووەکانی ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە لە کۆتاییدا ڕایانگەیاند کە دەبێت وڵاتانی عەرەبی، ناوچەکە و جیهان بۆ گەیشتن بە ڕێگایەکی ئاشتیخوازانە بۆ قەیرانەکانی ناوچەکە بە تایبەت سوریا هەوڵەکانیان بەکار بێنن./.