بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا سەبارەت بە ڕووداوەکانی سوریا و ئەم پرسیارە کە ئەوەی لە سوریا دەبینرێت ئەنجامی ڕێکەوتنێکی نهێنییە یان جۆرێک لە سوپرایزە؟ وتی: هەموو شتێک ڕوون بوو و شرۆڤە و لێکدانەوەکان و تەنانەت هەواڵەکانیش گوزارشتیان لەوە دەکرد کە شتی وەها ڕوو دەدات.
ناوبراو وتی: ئەوەی کە پیلانێکی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی بوونی هەیە کە بەرەی خۆڕاگری تووشی کێشەی بەردەوام بکات، ڕوون و ئاشکرایە و لە پاش ڕووداوەکانی غەززە و لوبنان ئاسایی بوو کە ئەم پیلانانە بەردەوام بێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران و سوریا ئاگاداری جموجوڵی گرووپە چەکدارەکان لە ئیدلب بوون و سەرجەم زانیارییەکانیش درابووە حکومەت و سوپای ئەم وڵاتە، ئەوانیش هەندێک زانیارییان هەبوو و دۆستانی ئێمەش زانیارییان هەبوو کە ڕادەستی حکومەتی سوریا کرا، ئەوەی کە چاوەڕواننەکراو بوو یەکێک لاوازی سوپای سوریا لە بەرامبەر ئەم جموجوڵانەدا بوو و دووەم خێرایی ڕووداو و گۆڕانکارییەکان بوو، ئەمە چاوەڕواننەکراوبوو و نەک تەنیا بۆ ئێران، بەڵکوو بۆ هەمووان.
عێراقچی بە ئاماژە بە سەردانەکەی بۆ قەتەر وتی: بۆ ئەو وڵاتانەی بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەی دەوحەدا کرد پرسیاری سەرەکی بۆ هەمووان ئەوە بوو کە بۆ سوپای سوریا هێندە بە خێرا پاشەکشەی کرد و بۆ بەرگرییەکی نەکرد. خێرایی گۆڕانکارییەکان هەمووانی تووشی سەرسوڕمان کرد.
ناوبراو وتی: لە کۆبوونەوەکەی من و بەڕێز لاریجانی لە گەڵ بەشار ئەسەد، خۆیشی تووشی سەرسوڕمان بوو و گلەی لە سوپای سوریا هەبوو. لە حکومەتی سوریادا تێڕوانینێکی درووست بەرامبەر بە سوپا نەبوو.
ناوبراو وتی: سوپای سوریا زیاتر تووشی شەڕێکی دەروونی بوو تا شەڕێکی ڕاستەقینە لە مەیداندا، ئەوەی لە میدیاکاندا کرا ڕۆڵی لە دابەزینی وزەی ئەندامانی سوپای سوریا و نەبوونی خۆڕاگری و بەرگرییەکی جیدیدا هەبوو.
سەید عەباس عێراقچی سەبارەت بە پشتیوانییەکانی ئێران بۆ سوریا وتی: ئێمە لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوو پەیوەندییەکی بەهێزمان لە گەڵ سوریادا هەبوو. ئەم پەیوەندی و پشتیوانییەش لە سێ بواردا بوو. یەکێک لە بواری خۆڕاگریدا بووە. سوریا یەکێک لە ئەندامانی بەرەی خۆڕاگری بوو و ڕۆڵی زۆر گرنگی لە بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی زایۆنیستیدا هەبوو و لەم پێناوەدا قارەمانانە ڕاوەستا، گوشارێکی زۆری بەرکەوت بەڵام هیچ کات وازی لەم ئامانجە نەهێنا.
ناوبراو وتی: لە بەرەنگاربوونەوەی گرووپی تیرۆریستی داعش هاوکاری سوریامان کرد، هاوکارییەکەش لە سەور داوای حکومەتی دیمەشق بوو، ناردنی هێز بۆ سوریا لە پێناو دابینکردنی ئاسایشی ئێران بوو، ئەو ڕاستییە هەبوو کە ئەگەر لە عێراق و سوریا ڕوبەڕوی داعش نەبینەوە، دەبێت لە وڵاتی خۆماندا ئەو شەڕە بکەین، داعش هەڕەشەیەکی گەورە بۆ ئێمە بوو.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ئێمە هێزی سەربازیمان ڕەوانەی سوریا کرد و هاوکاری سوپای ئەم وڵاتەمان کرد و لە عێراقیش هەروەها سەرکەوتوو بووین و شکستمان بە داعش هێنا. سەرکەوتنی دژ بە داعش دەرەنجامی خەباتی شەهید قاسم سولەیمانی بوو و هێزە جیاجیاکانی لە عێراق و سوریا کۆکردەوە.
ناوبراو وتی: پاش شکستی داعش هێزەکانمان لە سوریا کشانەوە و ئەوانەش مانەوە ڕۆڵی ڕاوێژکارییان هەبوو.
عێراقچی وتی: بواری سێهەمی هاوکارییەکانی ئێمە ئەوە بوو کە هەموو کات هاندەری حکومەتی سوریا بووین لە گەڵ نەیاران بگاتە چارەسەرێکی ئاشتیانە و ناکۆکییەکان چارەسەر بکات. ئەمە بوارێک بوو کە ئێمە دەستێوەردانمان نەدەکرد و پەیوەندی بە سوریا و حکومەتەکەیەوە هەبوو، ڕەوتی ئاستانە بە بەشداری ئێران و تورکیا و ڕووسیا بۆ ئەوە بوو کە لە ڕێگای دانوستانەوە هەندێک چاکسازی سیاسی لە سوریادا بکرێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە باڵیۆزخانەی سوریا لە تاران وتی: چاوەڕوان دەکەین کە چ حکومەتێک لە سوریا جێگیر دەبێت و ئەگەر بگەینە ئەو خاڵەی کە حکومەتی داهاتوو بە فەرمی بناسین، ئەو کات باڵیۆزخانەکەیان ڕادەست دەکەین، ئەڵبەت تا ئەو کاتە باڵیۆز و فەرمانبەرانی ئێستا لە باڵیۆزخانەدا دەمێننەوە.
ناوبراو سەبارەت بە باڵیۆزخانەی ئێرانیش لە دیمەشق وتی: لە گەڵ لایەنە جیاجیاکان وتووێژ کراوە تا ئاسایشی باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەکەمان پارێزراو بێت، ئەوەی کە ڕوویدا هێندە کارێکی ڕێکخراو نەبووە و زیاتر بە ئامانجی دزی و لە لایەن کەسانی ئاساییەوە بووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆتاییدا وتی: دەبێت ئەوە بڵێم کە ڕووداوەکان زۆر خێرا و چاوەڕواننەکراو بوو./.