بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پسپۆڕانی بواری تەندرووستی ڕایانگەیاندووە کە هەرچەندە بۆ زیادبوونی جموجوڵی جومگەکان و شانەکانی دەوروبەری مل، پەنا دەبرێتە بەر مل تەقاندن، بەڵام نابێت مرۆڤ لە خۆیەوە ئەو کارە بکات یان داوا لە کەسێک بکات ملیۆ بۆ بتەقێنێت.
لە کاتی مل تەقاندندا مل کرتەی لێوە دێت و هۆکارەکەشی بۆ نەمانی بەربەست دەگەڕێتەوە لە بەردەم ئەو بالۆنە گازییانەی لە کاتی لێکجیابوونەوەی جومگەکان درووست دەبێت.
کاتێک مرۆڤ هەست بەوە دەکات کە پێویستە ملی بتەقێندرێت، دەبێت بچێتە لای ئەو پسپۆڕانەی خولی چارەسەری سرووشتییان بینیوە.
جگە لەمە، تەقاندنی مل دەبێتە هۆی لەجێچوونی ماسولکە، دڕانی بەستەرەشانەکان، پەستان خستنە سەر دەمارەکان و تەنانەت ئەگەری توشبوون بە جەڵتەش هەیە.
ناوچەی مل بە هۆی پێکهاتەی بڕبڕەکان و تۆڕەکانی دەمارەوە هەستیارە و لە کاتی تەقاندنی ملدا ئەگەر زیان بە شادەمار بگات، ئەگەری توشبوون بە جەڵتە زیاتر دەبێت.
تەقاندنی مل بە گوشارێکی زۆر و جموجوڵی لەناکاو، دەبێتە هۆی زیانگەیاندن و دڕانی دەمارەکان و مەیینی خوێن.
پسپۆڕان پێشنیار دەکەن واز لەو خووە بهێندرێت و لەبری ئەوە بە شێوەیەکی ڕێکخراو ئەو وەرزشانە ئەنجام بدرێن کە گرژی ماسولکەکانی مل و سەرشان کەمدەکەنەوە.
ئەوان ڕایانگەیاندووە کە پێویستە مرۆڤ نەک هەر بە گرتنی مل بە دەست، تەنانەت بە خێرا سوڕاندنی مل بە لای ڕاست و لای چەپدا مل نەتەقێنێت.
ڕاستە تەقاندنی مل بە شێوەیەکی کاتی وا دەکات مرۆڤ هەست بە ئارامی بکات و ئازاری مل کەم دەبێتەوە، بەڵام لەوانەیە بۆ خۆشییەکی کاتی، زیانێکی وا بە تەندرووستی خۆی بگەێنێت و دواتر پەشیمانبوونەوە فریای نەکەوێت./.